ئەسعەد كوڕی خواپێداوێكی دراوسێی دەركە بە دەركەمان بوو، كە لە قوتابخانە بەیەكەوە بووین، هەموو دەم پاك و پۆشتە بوو و ڕۆژانە بە قات و بۆینباخ و جانتای دیبلۆماسییەوە بەگەڵم دەكەوت بۆ مەكتەب، منیش كتێب و دەفتەرە شڕ و وڕەكانمم بە لاستیقی دەرپێ یان كۆنە چوپی تایەی پایسكیلی مەلا عوسمانی برام دەبەستەوە، ئهسعهد جانتاكەی لە دەرەوە بۆ هاتبوو و لە جانتا دیبلۆماسییە گرانبەهاكان بوو، ئەلهەقی ئەسعەد زۆری خۆشدەویستم، من لە ماتماتیك زیت و زرنگ بووم، ئاگرێك بووم نەبێتەوە، بە شێوەیەك مامۆستاكەشم سەرسامی دەستوپەنجەم بوو، پرسیارە قورسەكانیشم دهمودهست و زوو بە زوو و یەكڕێ و بە خەتە خۆشەكەم به دروستی شیكار دەكرد، ئەسعەد لە دەرسان زۆر دەبەنگ و وڕ و گێژ بوو، بەتایبەت لە ماتماتیك كە هڕەی لە بڕە دەرنەدەكرد، هاڕڕەی لێوە دەهات و هیچی نەدەزانی، تەنانەت كۆ و كەم و دابەش و كەڕەت و خشتەی كەڕەتان هەر هیچ، بیرمە جارێكیان مامۆستا نادر لەسەر تەختە ڕەشەكە نووسیی 4242 و گوتی هەستە ئەسعەد ئەم ژمارەیەم بۆ وەخوینە، ئەسعەد چەندی سەر دەهێنا و دەبرد، نەیدەزانی ژمارەكە وەخوێنێ، لە بنەوەش بە تیی چاوێ لە منی دەنۆڕی، بەڵكوو من بەهانایەوە بچم، منیش خۆم كڕ كردبوو و هەستوخوستم لەخۆم بڕیبوو، نادرە فەندیش تەنگاو بوو و خەریك بوو حەیزەرانەكەی لێ قیتكاتەوە، گوتی هاااا ئەسعەد؟ ناچ سێلاشمسەن؟ ئەسعەدم ئەسعەدە گوتی: مامۆستا چلودوو چلودوو. پۆلەكە تێكڕا لە تریقەی پێكەنینێیاندا، ئەسعەد زۆر بەسەرەخۆیدا شكایەوە، بەو چلەی زستانە هەموو قالبی شەڵاڵی ئاو و ئارەقە بوو و ڕەنگی لە ڕوودا نەمابوو. دەوام تەواو بوو و هەڵتەك هەڵتەك بەناو قوڕەلیتەی كۆڵانی عارەباندا هاتینەوە، ئەسعەد لە ڕێ نە قسەیێ، نە گفتولفتێ، هیچ تاقەتی نەمابوو، ئەسعەد ئەم بەزمەی بە ملە من داهینا و لای بابی چوغڵی كردم.
غانم ئەڵڵاوێردیی بابی ئەسعەد پیاوێكی شارستانیی فێس بەسەری ورگنی چاكەت و پانتووڕ لەبەری سەعاتی بە زنجیر لەبەریی گۆچان بە دەست بوو، ئێوارەكەی هات و گوتمیێ: كوڕم عەبە، كوری مەڵای، زۆر ئاگات لە ئەسعەدۆكەم بێ، هەر ئەوەم هەیە، دەبێ وابكەی وەكوو خۆت یەكەم بێ، ناچار ڕۆژانە چەندی بۆخۆمم دەرس و دەور دەكردەوە، دەهەندەم بۆ ئەسعەد شەرح دەكرد، بۆیێ باكم بە خوێندن نەمابوو، كەچی دەتگوت من بۆ مقەببای شەرح دەكەم، لە گوێی ڕاستی دەچووە ژوورێ و لەوەی دیكەی بە بادا دەچوو، ئەسعەد نەك هەر ساقیت دەبوو، بەڵكوو ناویشی بوو بە ئەسعەد چلودوو چلودوو. ئێستا ئەسعەد شینە زەلامێكە لەخۆم كەتەتر و چەندین كۆمپانیا و مۆمپانیای لەبەر دەستە و یەكە لە دەوڵەمەندە نەقۆڵاكانی نەك هەر هەولێر بەڵكوو كوردستانیش، ملی بهقهد تهنگهی مام دهروێشی خادیمی مزگهفتێیه، لە حوكوومەتیش عارەب گۆتەنی كول فی كولە، كەچی جارجارە بەخۆ و بە پاسەوانەوە كە تووشم بە تووشی دێ، نەك هەر سەڵاوم لێ ناكا، بەڵكە ڕووی خۆیم لێ وەردەگێڕێ، لۆۆۆ؟ نازانم! وادەزانێ سەبەبی ساقیت بوون و تەواو نەكردنی خوێندنی لە نێوچەوانی من بووە، بەڵام دڵنیام ئێستا ئەسعەدی تریلیۆنێر لە ناخی خۆی ئیرەیی بە من و ئەمسالی من دەبات، ڕاستە دەوڵەمەندە، تێرە، پۆشتەیە، شاپشاپانێ بە دەفتەرە دۆلاران دەكا، بەڵام ئێستا باشتر لەوە دەگا كە پارە زۆریی تا سنوورێك خۆشە، پاشتر زیادبوونی دەبێتە زیاد بوونی ژماران و ئەو لەزەتەی نامێنێ، دڵنیاشم ئێستا محاسیبەكەی سەرمایەكانی بە ژمارە بۆ بنووسێ، ئەو نازانێ بە دروستی بیخوێنێتەوە، ئەسعەد تریلیۆنێر لەكنە من هەر ئەسعەد چلودوو چلودووەكەی جارانە. ئەم سەربردەیەم بۆ كاكە سمەی هاوڕێی دائیرەم گێڕایەوە، ئەو چ بڵێ باشە؟
- ماخرا، بۆ مەمنوونی ئەو خوایەی نیی كە ئەسعەد هەر بە سەلام نەكردن وازی لێ هێناوی؟ هەر باشە كە دەتگاتێ، بهگرتت نادا، یان وەك دەفتەرە دۆلارەكانی شاپشاپانێت پێ ناكا!
ن:عهبدولرحمان فهرهادی
* چل و دوو، بەئەنقەست نووسیومە چلودوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.