دۆناڵد ترەمپ پێیوایە ئێران بە ئەنقەست رێککەوتن لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا دوادەخات و جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە تاران، ئەگەر هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات، رووبەڕووی "کاردانەوەی توند" دەبێت کە لەوانەیە "هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان" لەخۆ بگرێت.
رۆژی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان رایگەیاند؛ "وا بیر دەکەمەوە ئەوان یاریمان لەگەڵ دەکەن".
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئێران زۆر نزیکبووەتەوە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و هۆشداریدا کە تاران بۆ خۆپاراستن لە کاردانەوە توندەکانی ئەمەریکا دەبێ تا زووە دەستبەکاربێت.
ئەو لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە چەندین جار رایانگەیاندووە کە ئەوان ئامانجیان لە بەرەوپێشبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان ئاشتییانەیە، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی رێژەی یۆرانیۆم لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە و دەڵێت، ئەو رێژە یۆرانیۆمە پیتێنراوە بۆ دروستکردنی چەکە.
رۆژی شەممە 12ـی نیسان شاندی ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە رێککەوتن درێژە بە دانوستانەکانیان بدەن، بەڵام هیچ وادە و شوێنێکی دیاریکراویان رانەگەیاند بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو. دوو رۆژ دوای ئەمە، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رایگەیاند کە کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی ئێران و ئەمەریکا لە رۆما دەبێت.
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا رایگەیاند؛ "داواکارییەکمان لە هەردوو لایەنی دانوستان و وڵاتی عومانەوە پێ گەیشت بۆ ئەوەی گفتوگۆی داهاتووی تاران و واشنتن بە ئامادەبوونی عومان کە دەوری نێوبژیوان دەبینێت لە رۆما بەڕێوەبچێت".
رۆژێک دوای لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، ئیسماعیل مەسقەتی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە "گەڕی دووەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا هەر لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت و رێککەوتووین رۆژی شەممە 19ـی نیسان کۆببینەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.