رۆژی پێنجشەممە یادی 29 ساڵەی هێمن موکریانی، شاعیری نەتەوەیی کورد لە زانکۆی سەلاحەدین دەکرێتەوە و تۆڕی میدیایی کوردستان سپۆنسەری دەکات.
پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی پەرەپێدانی کاری راگەیاندن و هەماهەنگی سەنتەری رۆشنبیری و ئەکادیمی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر 29 ساڵەی کۆچی دوایی هێمن موکریانی، شاعیری گەل بەرز رادەگرێت.
یادەکە رۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 کاتژمێر 4:30 خولەکی ئێوارە لە هۆڵی رۆشنبیری زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی کوردستان سپۆنسەری میدیایی یادەکە دەکات.
محەمەدئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە هێمن، لە یەکی ئازاری 1921 لە مهاباد لەدایکبوو، خاوەنی 12 کتێبی چاپکراوە کە دووانیان وەرگێڕانن و نۆ دیوانی شیعر و کتێبێکیشی پێکهاتووە لە کۆمەڵەوتارەکانی کە لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا چاپکراون.
تاریک و روون، پاشەڕۆک، هەواری خاڵی و ناڵەی جوودایی لە دیارترین دیوانە شێعرییەکانی هێمن موکریانین، لە ساڵی 2005 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس کۆ بەرهەمە شیعرییەکانی مامۆستا هێمنی لە تۆی کتێبێک و دەق و وتار و وەرگێڕانەکانیشی لەتوێی کتێبێکی دیکەدا بە جیا چاپ کردووە.
هێمن موکریانی 16ـی نیسانی ساڵی 1986 لە شاری ورمێ، کە ئەوکات بەهۆی دەرکردنی گۆڤاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی سروە لەو شارە نیشتەجێبوو، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.