شێوەکارێکی شاری دھۆک بە ناوی زێرەڤان ساڵح ئەحمەد کە تەمەنی ٣٧ ساڵە خانووێک لەسەر شێوەی بەڕۆ دروست دەکات، وەکو ئەو دەڵێت پرۆژەکە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە و نزیکەی ٢٠ ھەزار دۆلار خەرجی تێ چووە.
زێرەڤان ساڵح ئەحمەد سوودی لە ماوەی کەرەنتینە بینیووە و ئەو ماوەیەی کە لە کەرەنتینەدا بووە، خۆی سەرقاڵی کارەکە کردووە.
شێوەکاری شاری دھۆک و مامۆستا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی دھۆک، زێرەڤان ساڵح ئەحمەد لە بارەی پرۆژەکەی کە خانووێکە لەسەر شێوەی بەڕۆ گوتی: "بیرۆکەی پرۆژەی درووستکردنی خانووێک لەسەر شێوەی بەڕۆ دەگەڕێتەوە بو حەز و ئارەزووم لەسەر بەڕۆ و کاتێک من پێویستیم بە خانووێک ھەبوو لەناو باغ و بیستانەکانماندا بیرۆکەی ئەوەم بۆ درووست بوو کە خانووێک لەسەر شێوەی بەڕۆ دروست بکەم".
زێرەڤان ساڵح ئەحمەد گوتیشی: "ماوەی چوار ساڵە خەریکی ئەم پرۆژەیەم و لە ماوەی کەرەنتینەی ڤایروسی کورۆنادا سوودم لە کات بینی و نزیکەی سەدا پەنجای پرۆژەکەم لەو ماوەیەدا تەواو کرد و سەبارەت بە خەرجییەکانی پرۆژەکە، ئەوا نزیکەی ٢٠ ھەزار دۆلارم تیادا خەرج کردووە".
ناوبراو باسی لەوە کرد کە خانووەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە لە توانادایە بگوازرێتەوە لە شوێنێک بو شوێنیکی تر و گوتی:
"ھیوای داھاتووم ئەوەیە کە خانووەکە بگوازمەوە بو شوێنێکی ناو شار بۆ ئەوەی ھەموو خەڵک بتوانن بیبینن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.