کەمێک لەمەوبەر، بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب، لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەنێردراوە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
لەبارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیێنێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەست پێ دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.