ڕۆژنامەی (Financial Times) بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI)، خاوەنی خزمەتگوزاریی چات جی پی تی، دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەری گەورە بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی کۆکردنەوەی سەرمایە، کە پێشبینی دەکرێت بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە بۆ 1.2 تریلیۆن دۆلار بەرز بکاتەوە، ئەوەش پێش ئەوەی بە فەرمی پشکەکانی لە بۆرسەدا بۆ فرۆشتن پێشکەش بکات.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گفتوگۆکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان و ڕەنگە ئەو ژمارەیەش لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هاوکات ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەسپێشخەرییە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بووە نەک کۆمپانیاکە خۆی.
کۆمپانیاکە لە مانگی ئاداری ڕابردوو خولێکی دارایی داخست کە بەهای بازاڕی کۆمپانیاکەی بۆ 852 ملیار دۆلار بەرزکردبووەوە، بە پشت بەستن بە بەڵێنی وەبەرهێنەران بۆ تەرخانکردنی 122 ملیار دۆلار.
سام ئاڵتمان سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە لە ساڵی 2026ـدا پشکەکانی ناخاتە بازاڕی ئازادەوە، هۆکارەکەشی بۆ نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتیی زیرەکی دەستکرد گەڕاندەوە. ئۆپن ئەی ئای و ڕکابەرەکەی ئەنترۆپیک هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوەیی زیاتر بەسەر زیرەکی دەستکرددا بسەپێنن تاوەکو دڵنیایی بدەن کە ئەم تەکنەلۆژیایە بە شێوەیەکی ئارام پەرەدەسێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای ئەنترۆپیکی ڕکابەری ئۆپن ئەی ئای، لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمەوە دەست بە مارکێتینگی ئۆفەری گشتیی پشکەکانی بکات و پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا، پرۆسەی خستنە بۆرسەی پشکەکانی تەواو بکات.
ئەم جموجۆڵە داراییانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیاکانی بواری زیرەکی دەستکرد بوونەتە ئامانجی سەرەکیی وەبەرهێنەرانی جیهان و بەهاکەیان بە خێراییەکی پێوانەیی لە بەرزبوونەوەدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.