هونەرمەندی ناوداری سووری، ئەساڵە نەسری، دوای دابڕانێکی درێژخایەنی 15 ساڵە، لە پایتەختی وڵاتەکەی دیمەشق کۆنسێرتێکی گۆرانیی ئەنجام دا، کە لەلایەن هەوادارانی و بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
کۆنسێرتەکە کە لە هۆڵی فەیحا بەڕێوەچوو، بووە ساتێکی پڕ سۆز بۆ هەزاران کەس لەو هاووڵاتییانەی کە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەو هونەرمەندە بوون بۆ سەر خاکی نیشتمانەکەی. کەناڵی سووریای فەرمی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چالاکییەکانی کۆنسێرتەکەی بە ناونیشانی گەڕانەوەی ئەساڵە پەخش کرد.
ئەساڵە کە تەمەنی 57 ساڵە، یەکەم گۆرانی کۆنسێرتەکەی بە (سووریا جەنەت) دەستپێکرد. کۆنسێرتەکە لە دوو بەشی نزیکەی 2 کاتژمێری پێکهاتبوو، کە تێیدا چەندین بەرهەمی ناوازەی خۆی پێشکەش کرد. هونەرمەندەکە لە میانەی کۆنسێرتەکەدا بە سۆزەوە ڕووی لە هەوادارانی کرد و گوتی: تا ئێستا باوەڕ ناکەم لەنێوان ئێوەدام، هەمیشە خەونم بەم ساتەوە دەبینی و هیوادارم هەموو سوورییەکان دەستیان بە قۆناغی چاکبوونەوە کردبێت.
لە لایەکی دیکەوە، محەمەد یاسین ساڵح، وەزیری ڕۆشنبیریی سووریا، بە پێشکەشکردنی قەڵغانێک کە هێمای پارێزگاکانی سووریای لەسەر بوو، ڕێزی لەو هونەرمەندە گرت. وەزیرەکە ڕایگەیاند: گەڕانەوەی ئەساڵە، گەڕانەوەی هەموو سوورییەکی ڕاستگۆ و ئازادە بۆ نیشتمان.
دواین کۆنسێرتی ئەساڵە لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، دوای ئەوە ناوبراو پەیوەندی بە ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کرد، هەتا ئەو کاتەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 کۆتایی هات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.