پێچەوانەی ئەو باوەڕەی کە پێی وایە پیری پرۆسەیەکی بەردەوام و نەرمە، توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Nature Aging) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی پارچەپارچە پیر دەبێت و ئەندامەکانی جەستە خشتەی تایبەت بە خۆیان هەیە.
تیمێکی زانایانی سانفۆرد بۆ دۆزینەوە پزیشکییەکان، بە بەکارهێنانی سیستەمێکی زیرەکی دەستکرد بە ناوی (PathStAR)، زیاتر لە 25 هەزار نموونەی شانەیان لە 970 کەسی تەمەن 21 بۆ 70 ساڵ شیکار کردووە. ئەنجامەکان دەرخەری ئەوەن کە هیچ کاتژمێرێکی بیۆلۆژیی یەکگرتوو لە جەستەدا نییە.
دۆزینەوە سەرەکییەکان:
- لوولەکانی خوێن: یەکەم بەشی جەستەن کە پیر دەبن، بەتایبەت لە تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵیدا. ئەم ماوەیە گەشەکردنی لۆحییەکانی دەماری خوێن خێرا دەبێت، ئەو کەسانەی ئەم پرۆسەیەیان خێراترە، زیاتر ڕووبەڕووی ڕەقبوونی دەمارەکان دەبنەوە.
- سیستەمی زاوزێ: خانمان لە تەمەنی 50 بۆ 55 ساڵیدا (کاتی کەوتنە سوڕی نائومێدی) گۆڕانکاریی خێرا بەسەر شانەکانیاندا دێت. هێلکەدانەکان لە دوو قۆناغدا باز دەدەن بۆ پیری؛ یەکەمیان لە تەمەنی 35 بۆ 40 ساڵیدا و دووەمیان نزیکەی 60 ساڵی.
ئەنجامی سەرسوڕهێنەری توێژینەوەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەندامەکانی جەستە (لەوانە پرۆستات، گەدە، ڕیخۆڵە و سورێنچک) بە هەمان شێوازی هێلکەدان پیر دەبن. زانایان دەڵێن هۆرمۆنە سێکسییەکان، بەتایبەت ئیسترۆجین، ڕۆڵێکی ناوەندییان هەیە؛ کاتێک ئاستی ئەم هۆرمۆنە دادەبەزێت، شانەکانی دیکەی جەستەش بە هاوتەریب لەگەڵ ئەندامە زاوزێییەکان پیر دەبن.
نووسەرانی توێژینەوەکە پێشنیار دەکەن کە ئیتر پیری وەک یەکەیەک سەیر نەکرێت. باشترین ڕێگە بۆ درێژکردنی تەمەن و مانەوە بە گەنجی، بریتییە لە:
1. پاراستنی ئامانجدار بۆ ئەندامە هەستیارەکان لەو تەمەنانەی کە تیایدا لاوازن.
2. هەوڵدان بۆ پاراستنی کارایی هۆرمۆنە سێکسییەکان، چونکە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی جەستە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.