Erbil 31°C دووشەممە 21 ئەیلوول 08:28

پارتی و یەکێتی جەخت لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاڕاستەی یەکلاکردنەوەی پڕۆسەکە هەنگاوی چڕتر و خێراتر دەنێن.

پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، جەختی لەسەر هەوڵە چڕوپڕەکانی پارتی کردەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و رایگەیاند: "بارودۆخەکەمان لە ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش زۆر هەستیارە ، ئەمە وامان لێدەکات کە هەموو حزبە سیاسییەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت".

 پشتیوان سادق راشیگەیاند کە پێکهێنانی حکوومەت دواکەوتووە ، نۆزدە بۆ بیست مانگە خەڵک دەنگی داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پارتی و یەکێتی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن دەزگا شەرعییەکان کارا بکەنەوە و ئیشاڵڵا هەواڵی خۆش بدرێتە هەموو خەڵکی کوردستان. هەروەها پشتیوان سادق دووپاتیکردەوە کە پەیوەندی و هەماهەنگییەکان ئەرێنین.

لە لایەن خۆشییەوە ڕێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "هەنگاوەکان چوونەتە پێش و دانیشتنی باش هەبووە، بەڵام پێویستە راگەیاندن هاوکار بن بۆ ئەوەی هێواش هێواش بچێتە پێ".

هەروەها ڕێباز بێرکۆتی گوتی: "ئەساسی باش و گفتوگۆی باش و ڕێزگرتنی ڕایەکان هەیە ، کەواتە ڕێز لە ڕای یەکتر دەگرین و هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتیی هاوبەشداین".

ڕێباز بێرکۆتی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی پێشبینی ئەوەشی کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوو کارەکان زیاتر بچنە پێشەوە و لەبارەیەوە ئاشکرای کرد: "نیەتی باش هەیە ، سەقفی زەمەنی نییە، ئیرادەکە باشە و هەوڵەکان هەوڵی خێرە و ئیشاڵڵا بەرەو باشی دەڕوات". ڕێباز بێرکۆتی جەختیشی کردەوە: "لە هەموو کاتێک زیاتر لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.