توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا و ئاژانسی ناسا ئاشکرایان کرد، کاریگەریی بەستەڵەکی "ثوایتس" ناسراو بە بەستەڵەکی "ڕۆژی دوایی" لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دوو هێندەی پێشبینییەکان زیاترە و تاوەکو ساڵی 2100 دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی 30 ملیمەتر لە ئاستی ئاوی ئۆقیانووسەکان.
توێژەران لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئێرڤاین و تاقیگەی پاڵنەری جێتی سەر بە ئاژانسی ناسا بۆیان دەرکەوتووە کە بەشداریی گەورەترین بەستەڵەکی سەر زەوی بە ناوی "ڕۆژی دوایی" لە بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی ئۆقیانووسەکاندا، دوو هێندەی مەزەندەکانی پێشوو دەبێت، بەپێی گۆڤاری (Nature Communications)، تەنانەت بەبێ بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمیی زەویش، بەشداریی ئەم بەستەڵەکە لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان تاوەکو ساڵی 2100 دەگاتە 30 ملیمەتر، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی پێشوو نیوەی ئەم ڕێژەیە بوون.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، داتاکانی تۆڕی مانگە دەستکردەکانی (ICEYE)ـی فینلەندی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بنەمای ئەم پێشبینییە نوێیە بوون، بە جۆرێک تۆمار کراوە کە ئاوی گەرمی دەریا چەندین کیلۆمەتر دەچێتە ژێر بنکەی بنەوەی بەستەڵەکەکە و لە کاتی هەڵکشانی ئاودا بەرزی دەکاتەوە و شەپۆلە گەرمەکان دەبنە هۆی خێراتربوونی توانەوەی لە بنکەکەیدا.
بەستەڵەکی "ثوایتس" بە "ڕۆژی دوایی" ناسراوە چونکە گەورەترینە لەسەر زەوی و پانییەکەی نزیکەی 120 کیلۆمەترە و سێیەکی کۆی گشتیی لەدەستدانی بەفری جەمسەری باشوور پێکدەهێنێت، بەڵام بە گوتەی ماتیا پۆینێلی، توێژەر لە تاقیگەی ناسا، لە ئێستادا زنجیرە شاخی "مۆجینۆ" ڕێگری لە خلیسکان و ڕۆچوونی بەستەڵەکەکە بۆ ناو ئۆقیانووس دەکات، هەرچەندە مۆدێلە کۆمپیوتەرییەکان ئەگەری 60%ـی داڕمانی ئەم زنجیرە شاخەیان تا کۆتایی سەدەی بیست و یەکەم پیشان داوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ئێریک ڕینۆ، پرۆفیسۆری زانستەکانی زەوی لە زانکۆی کالیفۆرنیا ئاماژەی بەوە کردووە، مۆدێلە نوێیەکە بە هۆی ئەوەی گشتگیرترین شێوازی پرۆسە فیزیاییەکان لەخۆ دەگرێت، توانای لاساییکردنەوەی تەواوی شێوازی توانەوەی بەستەڵەکەکەی هەیە و پێشبینییەکانی دوو هێندە لە مۆدێلەکانی پێشوو وردتر و باوەڕپێکراوترن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.