Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 11:24

ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن داوای لێبوردن لە هاووڵاتییانی دەکات

100%

ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن پاش چەند خولەکێک لە بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکی هەڵە لەبارەی ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی مەترسیدار بە گوڕی 9.9 پلەی ڕێختەر، داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییان کرد، ئەمەش دوای دێت کە هۆشدارییەکە بووە هۆی ڕاگرتنی کاتیی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی.

دوای ئەوەی ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی مەترسیداری 9.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە نزیک دوورگەکانی کوریل (ناسراو بە دوورگەکانی چیشیما) هۆشداری دا و بووە هۆی کاراکردنی زەنگی فریاگوزاری لەسەر مۆبایلی ملیۆنان هاووڵاتی، بە ماوەیەکی کەم هۆشدارییەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئاژانسەکە دواتر ڕوونی کردەوە، لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینیدا، بوومەلەرزەیەکی ڕاستەقینە بە گوڕی (6.9) پلە لە کەناراوەکانی نیمچەدوورگەی کامچاتکای ڕووسیا لە قووڵیی 160 کیلۆمەتردا ڕووی دابوو، بەڵام هەڵەی سیستەمەکە لە دیاریکردنی چەقی بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی دەرچوونی ئەو ئاگادارکردنەوە هەڵەیە.

شینیا تسوکادا، بەرپرس لە ئاژانسی کەشناسیی ژاپۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "داوای لێبوردنێکی زۆر دەکەین بۆ ئەو ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێیە گەورەیەی کە بۆ هاووڵاتییانمان دروست کرد"، هەرچەندە ئاگادارکردنەوەکە نەبووە هۆی ترس و شڵەژانی گشتی، بەڵام بووە هۆی ڕاگرتنی کاتیی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی.

شایەنی باسە، ژاپۆن هێشتا یادی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی (2011) بە گوڕی 9.0 پلەی لە یاد ماوە، کە تسۆنامییەکی بەهێزی بەدوادا هات و نزیکەی 18 هەزار و 500 قوربانی لە کوژراو و بێسەروشوێن لێکەوتەوە و بووە هۆی کارەساتی وێستگەی ئەتۆمیی فۆکۆشیما، میدیا ناوخۆییەکانی ژاپۆنیش ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.9 پلە ڕووی بدابایە، وزەکەی 22 هێندەی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2011 دەبوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.