شارۆچکەی سەنەمەین لە باکووری پارێزگای دەرعا، بەهۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی و دەستگیرکردنی هاووڵاتییان، دۆخێکی ئەمنی پڕ لە گرژی بەخۆیەوە دەبینێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ و هەڵمەتی گەڕان و دەستگیرکردنیان ئەنجامدا، هاووڵاتییانی شارۆچکەکە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ڕێکارانە ڕژانە سەر شەقامەکان. هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان بە ئاسماندا کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی برینداربوونەوە ڕانەگەیەندراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە هەمان ناوچە، پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ژمارەیەک کەسی داواکراو ڕوویدا. لەو پێکدادانەدا، 3 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بەهۆی ئەو دۆخە پڕ لە گرژییەوە، هێزە ئەمنییەکان لە سەنەمەین قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاندووە و ئاستی ئامادەباشیی سەربازییان لە گەڕەکەکانی شارۆچکەکەدا بەرز کردووەتەوە، هەروەها داوایان لە دانیشتووان کردووە تا فەرمانی دیکە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.