لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و تێیدا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ یەکەمجاریشە ڕێگە بە مێرمنداڵانی تەمەن 16 و 17 ساڵ دەدرێت بەشداری لە دەنگداندا بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی خالید عەلی، پەیامنێری کوردستان تیڤی، ئەمڕۆ لە شاری بەرلین پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و تێیدا 17 قەوارەی سیاسی کێبڕکێ دەکەن، هاوکات بۆ یەکەمجاریشە لەم هەڵبژاردنەدا مۆڵەت بە کەسانی تەمەن (16 و 17) ساڵ دراوە تا بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بکەن.
پەیامنێری کوردستان تیڤی ئاماژەی بەوە کرد، وەک نەریتی هەمیشەیی لە ئەڵمانیا، هەڵبژاردنەکان ڕۆژانی یەکشەممە و لە ناو باڵەخانەی قوتابخانەکاندا بەڕێوەدەچن، بەڵام تا ئێستا بنکەکانی دەنگدان بە چۆڵی دەبینرێن و بەشداریی هاووڵاتییان کەمە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بە شێوەیەکی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا، زۆرینەی ئەوانەی بەشداری لە دەنگداندا دەکەن کەسانی بەتەمەنن، لە کاتێکدا گەنجەکان و تەنانەت زۆرێک لە هاووڵاتییان بەشداری لە دەنگدان ناکەن، بەپێی ئامارەکانیش لە هەر چەند کەسێک تەنیا یەک دەنگدەر دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.