باسم محەمەد خزهیر وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و ئاستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکانیش بۆ 37 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە، کە بەراورد بە پێشوو 4 ملیۆن لیتر زیادی کردووە، بەڵام هێشتا خواستی عێراق پڕ ناکاتەوە و لە سەرووی ئەوەشەوە 5 ملیۆن لیتری دیکە هاوردە دەکات.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دۆخی جەنگ و سەختییەکانی هاوردەکردن، جیاوازییەک لەنێوان ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و خواستی شەقامدا دروست بووە. گوتیشی: "بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و دابینکردنی پێداویستیی بەنزین، عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی لانیکەم 5 ملیۆن لیتر بەنزینی زیاترە لە ڕۆژێکدا".
لەلایەکی دیکەوە، عەلی نزار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، توانای هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمڕۆ گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 254 هەزار بەرمیل. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق ئێستا بۆ پڕکردنەوەی کەمیی بەنزین، هاوردەی زیاتر لە وڵاتانی ئوردن، سعوودییە، ئیمارات و ئەوروپا (لە ڕێگەی سووریاوە) دەکات.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت، بەڕێوەبەری سۆمۆ ڕوونی کردەوە، عێراق لە ڕێگەی پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانەوە گرێبەستەکان ئەنجام دەدات و بەگوێرەی ڕێککەوتنی بازرگانی، داشکاندن بۆ نەوتی مامناوەند 26.5 دۆلار و بۆ نەوتی قورس 28 دۆلارە.
هاوکات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوت ئاشکرای کرد، بڕی کۆگاکراوی بەنزین ئێستا گەیشتووەتە 107 ملیۆن لیتر.
جەختی لەوەش کردەوە، هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆسپەکانی بەردەم دابینکردنی سووتەمەنی و کێشەی قەیرانی بەنزین بەتەواوی چارەسەر بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.