وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، بڕگەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، خراوەتە ناو ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند: بڕگەی بەهەمیشەییکردنی ئەو کارمەندانەی بە گرێبەست کار دەکەن، بۆ سەر میلاکی هەمیشەیی لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی (2027) جێگیر کراوە.
وەزیری دارایی لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجەدا دووپاتی کردەوە کە دۆسیەی گرێبەستەکان و کرێکارانی رۆژانە لە ناو پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراوە، ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە دوای کارکردنی بەردەوامی بەشە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی دێت بۆ پشکنین و کۆکردنەوەی ژمارە و داتاکان، هەروەها هەژمارکردنی تێچووی دارایی بۆ بەهەمیشەییکردنیان و دەستەبەرکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: وەزارەت بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا کردووە و سەرجەم پێداویستییە دارایی و هونەرییەکانی تەواو کردووە، بەمەش دۆسیەکەی لە قۆناغی داواکارییەوە گواستووەتەوە بۆ قۆناغی ڕێکارە فەرمییەکان لە ڕێگەی جێگیرکردنی لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.