له‌كورته فیلمی (به‌فری گه‌رم) ی ده‌رهێنه ر(عه‌دنان عوسمان) كه خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌فیستیڤاڵی سینه‌مای دژ به‌تیرۆر به‌ده‌ست هێنا، سیناریۆی یه‌كێ له‌و تراژیدیا پڕ له‌مه‌رگه‌ساتانه‌ی سه‌رده‌می داعش ده‌بینین كه چۆن ژن و پیاوو منداڵێك له‌تاو خۆ رزگار كردن له‌مه‌رگ له‌ده‌ست تاوانكاران راده‌كه‌ن و روو له‌ناوچه‌یكی شاخاوی پڕلهبهفرو به‌سته‌ڵه‌كی همین رێژكراو ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه به‌ره‌و شوێنێكی ئارام بچن له‌رێگادا له‌نێو كهشو هه‌وای سارد‌و شه‌خته‌به‌ندی به‌فرو، لووره لووری گورگ و، سه‌رماو سۆڵه‌ی كوشنده، به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خت و دژواره ناگرن، ناتوانن به‌رده‌وامی به رۆیشتن بده‌ن، بۆیه ژنه‌كه مۆرالی به‌رده‌وام بوونی ده‌ڕوخێ و به‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی دا هاوار ده‌كات، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ت به‌سه‌ر هێناین، كه ده‌تزانی تووشی ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره ده‌بین، فه‌رموو تابلۆكانت بسووتێنه باخۆمانی پێ گه‌رم كه‌ینه‌وه، بۆ تابلۆكانت ئه‌وه‌نده به نرخ بوون ؟ ئه‌وه‌نده لات خۆشه‌ویست بن نه‌یانسووتێنی ؟ پیاوه‌كه كه تاقه شتێك له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێت بۆ ئه‌و كۆچه، تابلۆكانی بوو كه نه‌یتوانی به جێیانی بیڵێ، ئه‌و تابلۆیانه به‌لای ئه‌وه‌وه به‌نرخترین سه‌روسامانی بوو ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رماو سۆڵ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنین و شتێكییان له‌و ناوه به‌فراویه‌دا شك نه‌ده‌برد كزه ئاگره‌كه‌یانی پێ جۆش بده‌ن، كه‌چی هێشتا ده‌ستی نه‌ده‌چووه ئه‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ی خۆی بسووتێنێ و منداڵ و ژنه‌كه‌ی له ته‌وژمی سه‌رما رزگار بكات ...بۆیه به ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌ی تۆ نه‌بووی ده‌تگوت با بڕۆین ئه‌گه‌ر له‌ئه‌شكه‌وتێكیشدا بژین له‌وه باشتره بمان كوژن ؟
ژنه‌كه كه شتێ له‌و له‌حزه‌یه‌دا به‌هانای نه‌ده‌هات هه‌ره‌شه‌ی له مێرده‌كه‌ی ده‌كرد بگه‌ڕێنه‌وه له‌مردنی ناو به‌فر باشتره، ئه‌وان به‌رگه‌ی سه‌رماو رهوه گورگێكی تر ناگرن، كه له پێشیانه‌وه رهوه گورگی چیاكان و له دواوه‌شیانه‌وه رهوه گورگێكی تری داعش بوون، له‌و نێوه‌نده‌دا نه‌یده‌زانی كامه مردن هه‌ڵبژێرێ، بۆیه ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی گرت به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانه‌وه، ئه‌مجاره پیاوه‌كه ناچاری ئه‌وه بوو پێ له‌جه‌رگی خۆی بنێ و یه‌كه یه‌كه‌ی تابلۆكانی به‌ده‌سته‌كانی خۆی بسووتێنێ، له‌و ساته وه‌خته‌دا ره‌نجی هه‌موو ته‌مه‌نی بۆ ئه‌و له‌ته‌نیا گڕه ئاگرێك به‌نرختر نه‌بوو
دواتر دوای شه‌وێكی خۆ گه‌رم كردنه‌وه به‌سوتانی تابلۆكان و خۆ گه‌رم كردنه‌وه به له‌ئامێز كردن و ماچی گه‌رمی ژنه‌كه‌ی شه‌و ده‌به‌نه سه‌ر، بۆ به‌یانی كه رۆژ ده‌بێته‌وه به‌ڕێ ده‌كه‌ونه‌وه، به‌ڵام له‌رێگادا ده‌كه‌ونه ناو چاڵێكی مین و چاره‌نووسه ره‌شه‌كه روو به روویان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ته‌قنه‌وه و ده‌مرن
ئاماج و فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه:
ده‌رهێنه‌ر له‌داڕشتنی ئه‌و سیناریۆیه‌داو له چوارچیوه‌ی رووداو‌و دیالۆگه‌كاندا وه‌ك پێویست ده‌ست نیشانی زه‌مه‌نی نه‌كردووه، بینه‌ر ده‌زانێت ئه‌و ژن و مێرد‌و منداڵه ئه‌و رێگه سه‌خته به‌فرینه ده‌گرنه‌به‌ر، ده‌یانه‌وێت رابكه‌ن، به‌ڵام نازانێ بۆچی راده‌كه‌ن! به‌ره‌و كوێ ده‌چن.
ژنه‌كه كاتی خۆی گوتبووی بچین له‌ئه‌شكه‌وتێكا بژین له‌وه باشتره بمان كوژن
ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌وان له‌ده‌ست كوشتن راده‌كه‌ن، به‌ڵام كێ ده‌یان كوژێ؟ ده‌رهێنه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هیچ گرته‌یه‌ك و دیالۆگێكدا ناوی داعش یان تیرۆرستانی نه‌بردووه، به‌ڵام له‌ده‌ستپێكی فیلمه‌كه‌ی دا چه‌ند دێرێكی به زمانی ئینگلیزی نووسیووه كه‌گوایه ئه‌وانه له‌ده‌ست داعش راده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ی بۆ بینه‌ر نادیار كردووه
سیناریۆكه له‌رووی بیرۆكه‌وه ئه‌گه‌ر دهرهێنهرئهو بۆشاییانه یپڕكردایهوهوههندێ گۆڕانكاری له‌هه‌ندێ دیمه‌ندا بكردایه، سیناریۆیه‌كی كاریگهرتردهبوو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دیمه‌نی سووتانی تابلۆكانی هه‌ڵگرتایه و وێنه‌یه‌كی جوانتر له‌وه‌ی پێ ببه‌خشیبوایه، به‌شێوه‌یه‌ك مردنی به‌گه‌وره‌تر نه‌زانیبوایه له تابلۆكانی، دوای ته‌قینه‌وه‌كه تابلۆكانی هه‌ر له‌ئامێز بونایه، یاخود منداڵه‌كه‌ی به زیندوویی به‌جێ هێشتایه‌و منداڵه‌كه وه‌ك نه‌وه‌ی ئاینده تابلۆكانی له ئامێز گرتایه، ئه‌وكات هه‌م كاراكته‌ره‌كه به‌هێزتر ده‌بوو، هه‌م هونه‌ریش وه‌ك گوتارێكی ئاشتی خوازانه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌مردن له‌ناو نه‌ده‌چوو
به‌گشتی فیلمه‌كه نه‌فه‌سی كورته‌و خراوه‌ته نێو چوارچیوه‌ی كورته فیلم و ماوه‌كه‌ی ته‌نها 19 خوله‌كه، ده‌رهێنه‌ر كاتی پێویستی به‌ده‌سته‌وه نیه بۆ به‌رجه‌سته كردنی زۆر رووداو‌و گرته‌ی دیكه كه ده‌رهێنه‌ر خۆی و ئێمه‌ش ئاواتمان بۆی ده‌خواست ،چونكه كهشو هه‌وای سیناریۆكه زۆر له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه سنووری كورته فیلم جێ بێڵێ و ببیێته فیلمێكی درێژ، پێم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه تێر كرابوایه، هه‌ندێ گۆڕانكاری له دیمه‌نه‌كانی ئه‌نجام درایه، ده‌بوو به‌یه‌كێك له فیلمه سه‌ركه‌وتووه‌كان
ده‌رهێنان:
ده‌رهێنه‌ر له‌ده‌ستپێكی (به‌فریگه‌رم ) بایه‌خێكی گرنگی به سیناریۆ داوه، كه بۆته بنه‌مایه‌كی هه‌ره مكۆم بۆ چاره‌نووسی فیلمه‌كه‌ی، سیناریۆكه‌شی به خۆی داڕشتووه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ربه‌ستیه‌ك به‌خۆی بدات بۆ به‌رجه‌سته كردنی ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی بیریان لێ ده‌كاته‌وه، ئامرازه‌كانی سیناریۆشی خستۆته به‌رگێكی واقیعی و سروشتی بۆ ئه‌وه‌ی به ساده‌ترین زمان، فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه به‌بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت له‌داڕشتنه‌وه‌ی دیالۆگدا، كه بهراِستی زمانی سینه‌مایه‌و له زمانی هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه جودایه، ئه‌وه‌نده‌ی سینه‌ما پێویستی به وێنه هه‌یه، ئه‌وه‌نده پێویستی به دیالۆگ نیه، چونكه وێنه له سینه‌مادا ئه‌لته‌رناتیفی زمان و دیالۆگه
ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و وێنه‌گر كاتێك ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ریی خۆیان نیشان بده‌ن، كه بتوانن روو به‌رووی هه‌لومه‌رجی سه‌خت و دژوار ببنه‌وه، بینه‌ر بخه‌نه گێژاوێك له نیگه‌رانی، وه‌ك ئه‌و رووبه‌ره به‌فراوان و ترسناكه‌ی ناو شاخ و دۆڵی پڕ له‌هه‌ڵدێرو دڕنده‌و ئاژه‌ڵی مه‌ترسیدار ، كه جێ به‌جێ كردنی فیلم تێیدا ده‌بێته ئه‌ركێكی نا ئاسایی بۆ ستافی فیلم، به‌تایبه‌ت له‌و گرتانه‌ی له‌شه‌ودا تۆمار ده‌كرێن و ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌دابه‌ش كردنی رووناكی و بلاجكتۆرات و پاراستنی كوالیتی وێنه‌گرتن ده‌بێت
بۆیه (كات ) و( شوێن) له فیلم‌دا گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌و سیمای تایبه‌تی خۆیان به‌سه‌ر پانتایی فیلم‌دا به جێ دێڵن.
جێ به‌جێ كردنی فیلم له‌و شوێن و كاتانه‌دا پێویستی به دابین كردنی كهلو په‌ل و ئامرازه ته‌كنیكی و هونه‌ریی و كه‌ره‌سته‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ستاف و خۆراك ده‌بێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ، كه ره‌نگه ئه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه له‌سینه‌مای ئێمه‌دا بوونیان نه‌بێت ، یان خه‌رجی زۆریان بوێت، بۆیه هه‌ندێ جار ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌و ههلو مه‌رجانه‌دا قورس‌تر بێت و ناچاری ئه‌وه بێت چاوپۆشی له‌زۆر ده‌رفه‌تدا بكات و له‌ده‌ستی بچێت.
ته‌نێكی نامۆ له جه‌سته‌ی فیلمه‌كه‌دا : له‌سه‌ر ئه‌و رێگه پڕ له نه‌هامه‌تیه‌ی ئه‌و ژن و پیاوو منداڵه به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار گرتویانه‌ته به‌ر، ده‌رهێنه‌ر دیمه‌نێكی سێكسی دروست ده‌كات، كه بینه‌ر به‌ئاسانی هه‌ست ده‌كات ئامانج له‌و گرته‌یه‌دا ته‌نها وروژاندنی بینه‌ره.
راسته كه هه‌ندێ حاڵه‌تی له ئامێز گرتن له كهشو هه‌وای سارد‌و دڵ ته‌زێن دا ره‌نگه ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ گه‌رمی به‌خشین ، به‌ڵام به‌و شێوه ناوازه‌یه نا كه بینه‌ر هه‌ست بكات دیمه‌نه‌كه به‌ئه‌نقه‌ست درێژ كراوه‌ته‌وه به ئامانجی وروژاندنی بینه ر
ریتمی فیلمه‌كه له قۆناغی پێش ئه‌و دیمه‌نه ریتمێكی خێرایه، ریتمێك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجێكی ته‌نگه‌تاودا ده‌ڕوات و حاڵه‌تێكی ده‌روونی گرژی بۆ بینه‌ر دروست كردووه، له‌چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی ئه‌و ههلو مه‌رجه سهختو دژواره‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ریتمی دیمه‌نه سێكسیه‌كه‌یه كه ریتمێكی هێورو له‌سه‌رخۆیه، هه‌موو شتێ ئاساییه، نه‌هه‌ست كردن به‌سه‌رما، نه‌گرژی و تۆقین له ده‌نگی لووره لووری گورگ، وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و سێكس كردنه گوازرابێته‌وه بۆ هوتێله پێنج ئه‌ستێره‌كان، بۆیه ده‌رهێنه‌ر نه‌ك هه‌ر هه‌لومه‌رج و شوێنی رووداوه‌كانی له بیرچۆته‌وه، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كه‌ش دیار نه‌ماوه‌و بینه‌ر نازانێ ئه‌و منداڵه‌ی له‌سه‌رمان هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی له‌سه‌ر بوو، چی به سه‌رهات؟
ئه‌كته‌ر:
ئه‌كته‌ر له فیلمه‌كه‌دا فاكته‌رێكی به‌هێزی راگرتنی ریتمی فیلمه‌كه‌یه، چونكه له‌رووی ئه‌داو بزووتنه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌مان ریتمی كهشو ههواكهو رووداوه‌كاندا ده‌ڕوات
بۆیه ئه‌كته‌ر پێویستی به‌وه هه‌یه له‌رووی ده‌روونی و سایكۆلۆژییه‌وه خۆی بۆ به‌رجه‌سته كردنی ئه‌و حاڵه‌ته نامۆیه ئاماده بكات و بتوانێت كارێك بكات، به‌شێك له ئیمای هه‌ست كردن به‌سه‌رما له‌جه‌سته‌و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌وه وه‌رگرێت كه تاكه فاكته‌رێكی گه‌یاندنی كاریگه‌ری ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌یه بۆ بینه‌ر
ئه‌كته‌ره‌كانی (به‌فری گه‌رم) ( نیگار محه‌مه‌د، بیلال زه‌نگه‌نه، په‌نار ئیبراهیم) ببوون به‌پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌به‌رجه‌سته كردنی رووداوه‌كان، له‌ناو ئه‌زموونێكی قورس دابوون، كه ره‌نگه هه‌ندێ ههلو مه‌رج كاریگه‌رییان هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌كته‌ر به‌تایبه‌ت هه‌لومه‌رجێكی قورسی وه‌ك كات و شوێنی روداوه‌كانی ئه‌و فیلمه، هه‌ردوو ئه‌كته‌ر ئه‌دایێكی جوانیان ئه‌نجام دا كه جیگه‌ی سه‌رنج بێت
به‌ڵام ئاره‌زووم بوو ده‌رهێنه‌ر منداڵه‌كه ته‌نها وه‌ك كۆمبارس له فیلمه‌كه‌دا به‌كار نه‌هێنێ ، هه‌ندێ دیمه‌ن و دیالۆگی تایبه‌تی بۆ دروست كردایه، منداڵه‌كه بێ وه‌زیفه نه‌ده‌مایه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كی به جۆشی دروست ده‌كرد
وێنه و موزیك و كاریگه‌ریه‌كانی ده‌نگ
وه‌ك له‌وێنه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌بیندرێت، وێنه‌گر ( حشمه‌ت نارنجی) ده‌ستێكی ره‌نگینی له‌هونه‌ری وێنه‌گری سینه‌مایی دا هه‌یه، ئه‌و ده‌ست ره‌نگینیه كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر گرته‌و كوالیتی فیلمه‌كه‌دا به‌جێ هێشتووه‌و نرخ و به‌های خۆی داوه‌ته رووداوه‌كان و فاكته‌رێكی هه‌ره به‌هێزی ئه‌و سیما جوانه‌ی له فیلمه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت وێنه‌گرتنیه‌تی، چونكه وێنه هاوكێشه‌ی فیلم ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ی له‌وێنه گرتندا هه‌ستی پێ ده‌كرێت ئه‌م خاڵانه‌یه: :
بۆ بژاركردنی گرته‌ی كلۆس زۆرتر بایه‌خ به دیمه‌نی ماچ و دیمه‌نه سێكسیه‌كه دراوه.
1. له‌زۆر شوێندا بۆشایی هه‌یه له‌گرته‌ی كلۆس، له‌وانه‌ش تا ئێستا روخساری منداڵه‌كه و ئه‌كته‌ره پیاوه‌كه به‌و گرته‌یه هاوسه‌نگ نه‌بووه، ئه‌وه‌ی بینراوه به‌شی زۆری گرته‌ی گشتی و گرته‌ی مام ناوه‌ندی بوو، چونكه بینه‌ر به په‌رۆشی ئه‌وه‌یه روخساری ئه‌كته‌ره پیاوه‌كه‌و منداڵه‌كه‌ش ببینی، به تایبه‌ت له كاتی ته‌وژمی سه‌رما ده‌كرا به كلۆس له‌رزینی منداڵه‌كه ده‌ركه‌وتایه . 2.دوا دیمه‌نی كۆتایی كه دیمه‌نی سه‌رله‌به‌یانی رۆیشتنی هه‌ر سێ كاراكته‌ره له چیاداو رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌و مردنی كار اكته‌ره‌كانه، دیمه‌نێكی گشتی لاوازه، نه‌خراوه‌ته نێو به‌رگێكی ته‌عبیری یان ره‌مزی، كه ببێته چاره‌سه‌رێكی درامی لۆژیكی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆتایی دراماكه، ده‌بوا كامێرا رۆڵێكی كاریگه‌ر تری بینیوبایه بۆ به‌رجه‌سته كردنی ئه‌و رووداوه‌و دوور به‌دووری نه‌یڕوانیبا ئه‌و روداوه كاریگه‌ره.
وێنه له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و رووداوه نه‌یتوانی تراژیدیاكه به‌رجه‌سته بكات و تینوویه‌تی بینه‌ر له كۆتاییه‌كه‌یدا بشكێنێ
موزیكی وێنه:
موزیكی وێنه‌یی ئامرازی هه‌ره به‌هێزی به‌رجه‌سته كردنی ریتمه،به‌هه‌ر سێ جۆری ریتمی رووداو‌و ریتمی ئه‌كشنی ئه‌كته‌رو ریتمی وێنه‌ی، كه هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ ئه‌و ریتمانه‌دا ده‌ڕوات و هیچ له‌و ریتمانه به‌بێ موزیك ناتوانن به‌رجه‌سته بكرێن
له‌و فیلمه‌دا موزیك ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بینی، چونكه موزیكی تایبه‌ت بۆ فیلمه‌كه دانه‌ندراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه موزیكی گشتیه و ته‌نها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییهو پێویستی به‌شاره‌زاو ئه‌ندازیاری تایبه‌تی بواری موزیكی وێنه‌ییه، ئه‌گه‌رنا له‌كات و شوێنێكی ئاوا ترسناكدا بینه‌ر پێویستی به به‌رجه‌سته كردنی حاڵه‌ته ده‌روونیه‌كانه بۆ ده‌رخستنی دیوی ناوه‌وه‌ی كاراكتهرو ئه‌وه‌ی له‌ناخی دایه
به‌ڵام موئه‌سیراتی ده‌نگ..كه له‌و شوێنه ترسناكانه‌دا ده‌بێته زه‌روره‌ت، تا رادده‌یه‌ك به‌كار هاتبوو، به تایبه‌ت له‌ده‌رخستنی لووره لووری گورگ، به‌ڵام دیسان كهشو هه‌وای فیلمه‌كه پێویستی به‌زیاتر هه بوو. ئه‌نجام : ره‌نگه ئه‌م ئه‌زموونه‌ی عه‌دنان عوسمان ببێته خاڵێكی دیار‌و به‌رچاو له كاروانی هونه‌ری ئه‌ودا و رێ خۆشكه‌ر بێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ئه‌زموونی فیلمی درێژ‌و به‌رهه‌می به چێژ تر
ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.