هونه‌ر سه‌لیم لهڤۆدگا لیمۆن دا سه‌ربورده‌ی(نی‌نا) ی بێوه‌ژن و(هامۆ) ی ره‌به‌ن و به‌ساڵاچوومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه له‌گوندێكی لاپه‌ڕی ئه‌رمینیا، دوای تێك شكانی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تی جاران ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌و كهشو هه‌وا قه‌وقازییه شه‌خته به‌ندو سارده‌دا، كه به‌تارای سپی به‌فر داپۆشراوه ئه‌و دوو كۆست كه‌وتووه هه‌موو جارێ لهگۆڕستانێكی خامۆشی گونده‌كه‌یاندا یه‌كتر ده‌بینن كه‌چه‌ند كیلۆمه‌ترێك لهگوندهكهوه دووره.
هامۆ دوو ساڵێك ده‌بێت ژنه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ماڵئاوایی له‌دنیادا كردووه، هه‌ر جاره‌ی به‌ته‌نیایی و جلی ماته‌مینیه‌وه ده‌چێته سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، تۆپه‌ڵه به‌فره‌كانی سه‌ر وێنه‌ی ژنه‌كه‌ی له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كه‌ی به‌ئه‌سپایی لاده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌بینینی وێنه‌ی سهرگۆرٍِهكهی، كه‌مێك فه‌رامۆشی به‌دڵه خامۆشه‌كه‌ی خۆی ببه‌خشێت.
(نی‌نا)ش به‌هه‌مان شێوه به‌جلی ره‌شی ماتهمییهوه هاوكات له‌گه‌ڵ (هامۆ) ی ره‌به‌ن و ته‌نیا به بێ ده‌نگی له‌سه‌ر گۆڕه‌كه روو ده‌نیشێ و سه‌یری وێنه‌ی مێرده سه‌ربازه كوژراوه‌كه‌ی ده‌كات.
له‌و گۆڕستانه ته‌نیایه‌دا كه ته‌نها ئه‌و ژن و پیاوه كۆست كه‌وتووه ده‌گرێته خۆی، (نی‌نا) دوور به‌دووری و ناوه ناوه ئاوڕ له‌و پیره‌مێرده خه‌مباره ده‌داته‌وه، كه هه‌روه‌ك زیندوویه‌ك قسه له‌گه‌ڵ ژنه مردووه‌كه‌ی دا ده‌كات و نامه‌ی كوڕه‌كه‌یانی بۆ ده‌خوێنێته‌وه كه چۆن گوندی جێ هێشتووه و ئێستا له‌هه‌نده‌ران له‌شاری پاریس دا ده‌ژیت، ناوه ناوه‌ش خۆی بۆ ناگیرێ و به‌هێمنی ده‌گری و ده‌یه‌وێت حه‌سره‌ته‌كانی خۆی به‌هه‌ڵڕشتنی چه‌ند دڵۆپه فرمێسكێ هه‌ڵڕێژێ، یاخود زه‌رده‌خه‌نه وه‌ك شنهبایێكی ناوه‌خته به‌سه‌ر روخساریدا هه‌ڵده‌كات و سه‌راپای ده‌م و چاوی داگیر ده‌كات و شنه‌بای زه‌رده‌خه‌نه‌كانی ئاوێزانی شه‌پۆلی فرمێسكه‌كانی ده‌بێت.
ئه‌و دوو بنیاده‌مه‌ی گۆڕستانه‌كه، هه‌موو جارێك بێ ئه‌وه‌ی قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ن به‌یه‌كه‌وه دێنه سه‌ر گۆڕستانهكهو به‌یه‌كه‌وه‌ش به‌سواری كۆنه پاسێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه شار كه له‌زۆربه‌ی گهڕانهوهكاندا هه‌ر ئه‌و ژن و پیاوه هه‌ڵده‌گرێ
له نێو ئه‌و رووداوه له‌سه‌رخۆو ریتم هێورو هێمنانه‌دا كه بێجگه له‌بڕه بڕی ده‌نگی پاسه‌كه نه‌بێت هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیكه به‌روخساری ئه‌و ژیانه خامۆشه‌وه نابینی كه ئه‌وانی تێدا ده‌ژیت، بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامێك ده‌كات، ره‌نگه مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی له‌لا گه‌ڵاڵه بێت كه بێ شك ئه‌و كهشو هه‌واو رووداوه هێورانه ئێستا نا ئێستا به‌ره‌و ئاكامێكت ده‌بات، ئه‌و چاوه‌ڕوانیه چێژێكی ده‌روونی به‌بینه‌ر ده‌به‌خشێت كه نه‌توانێت دووچاری سارد بوونه‌وه بێت، د‌رك به‌وه ده‌كات كه رووداوه‌كان دیمه‌ن دوای دیمه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵچوون ده‌چن و چێژی بینه‌ریش له‌چاوه‌ڕوانی رووداوه‌كاندا له زێده بوون دا ده‌بێت
ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه پێناسێكی وردی ژیان و رابووردووی پاڵه‌وانه‌كانی خۆی بكات، به تایبه‌ت كاره‌كته‌ره سه‌ركییه‌كانی، ئه‌وه‌تا بینه‌ر ئاشنا بووه به‌وه‌ی كه چۆن پیره‌مێرد جاران عهسكهرتارێكی سوپای سوور بووه، به‌ڵام پێش چه‌ند ساڵێك خانه‌نشین كراوه ، كه‌چی تا ئه‌و ماوه‌یه‌ش جله سه‌ربازییه‌كانی هه‌ر مابوون، تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌ست كورتی و نه‌داری به شێوه‌یه‌ك ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی كه ئه‌ستێره‌كانی سه‌ر شانی فڕی بدا‌و به‌نرخێكی هه‌رزان بیانفرۆشێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و باره ناهه‌مواره وای لێ‌كرد ماڵ‌و هه‌ندێ كهلو په‌لی به‌نرخی ماڵه‌كه‌شی بفرۆشێ، له‌وانه‌ش دۆڵابی ماڵه‌كه‌ی كه‌هه‌موو رۆژێ به‌پشتی خۆی، به‌ده‌م ئه‌و رێگه سه‌خت و دژواره‌ی به‌فره‌وه ده‌یباته سه‌ر شه‌قامه‌كه بۆ فرۆشتن، خه‌ڵكیش مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كوڕه پهناههندهكهی له‌ده‌ره‌وه كۆمه‌كی ده‌كات، بۆیه هه‌ركات ته‌له‌فون ده‌كات خه‌ڵكه‌كه له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه دان ئاخۆ كوڕه چ هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ری پێیه بۆ باوكه كڵۆڵه‌كه‌ی، كه‌چی هه‌موو جارێ پیره‌مێرد چ له ته‌له‌فۆن و چ له نامه‌كاندا خه‌ونه‌كانی له‌بار ده‌چن و هه‌ناسه سارد ده‌بێت.
بێوه‌ژنیش (نی‌نا) ته‌نها خۆی و كچێكی تاقانه‌ی پیانوو ژه‌نی هه‌یه، ئه‌و خۆی له كهشكێكی ڤۆدگا فرۆشتن دا له‌سه‌ر رێگای وێرانه دێیه‌كدا ڤۆدگا ده‌فرۆشێته رێبواران و كچه‌كه‌شی له هوتێلێكی شاردا به‌نان و سك خزمه‌تكاره، به‌ڵام موچه‌ی دایكه‌كه ئه‌وه‌نده كه‌مه ته‌نانه‌ت به‌شی خۆی و كچه‌كه‌ی و چوونه سه‌ر گۆڕستانیشی ناكات، بۆیه چه‌ند جارێك به‌قه‌رز ده‌چێته سه‌ر گۆڕستان و پاره‌ی پاسه‌كه‌ی نیه، تا وای لێ دێت شوفێری پاسه‌كه لێی بێزار ده‌بێت و رێگه‌ی پێ نادات سواری پاسه‌كه بێت، به‌ڵام دواتر(هامۆ) ی پیره‌مێرد به‌هانای دێت و به‌بێ ئاگایی بێوه‌ژن هه‌موو قه‌رزه‌كانی بۆ ده‌داته‌وه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هامۆن وا له نی‌نا ده‌كات زیاتر لێی نزیك بێته‌وه و په‌یوه‌ندییان له‌و كهشو هه‌وا سارده‌دا گه‌رم بێت.
ریتم له‌و ساتانه‌دا ریتمێكی ئاسایی نیه،به‌ڵكو ئاوێزانی رووداو‌و بزووتنه‌وه‌ی كامێرا‌و موئه‌سیراتی دیكه‌ی ده‌نگ ده‌بێت، ئه‌و ریتمه پڕ له نهێنیه‌یه وا ده‌كات كه وێڕای هێوری و له‌سه‌رخۆیی رووداوه‌كان، به‌ڵام بینه‌ر له‌كه‌شوو هه‌وایێكی شه‌خته‌به‌ندی فیلمه‌كه‌دا ده‌ستی له دیمه‌ن و ئاوێته بوونی رووداوه‌كاندا به‌رنه‌بێ، ئینجا ئه‌گه‌ر رووداوه‌كان تراژیدی یا سووكه كۆمێدی بن، یاخود رۆمانسی وه‌ك رۆمانسیه‌تی ڤۆدگا لیمۆن، ئه‌وه‌تا ریتمی كامێرا له‌دیمه‌نی سه‌ره‌تاییدا ده‌گاته ترۆپ، كاتێ پیره‌مێردێكی خاوه‌ن ماته‌م له‌سه‌ر پشتی قهروێلهیهكدا به‌ره‌و گۆڕستان لێژ ده‌بێته‌وه.
ده‌كرێ بڵێین هونه‌ر سه‌لیم ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه به‌شێوازیكی زۆر ساده‌و ساكار،له دنیایێكی رۆمانسیانه‌ی بێ گرێ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و وێنه سه‌رسوڕهێنه‌رانه نیشانی بینه‌ر بدات، كه قوڵاییه‌كی مرۆیی له‌ده‌روونیدا به‌جێ دێڵن، له‌هه‌مان كاتیش‌دا هزرێكی فه‌لسه‌فی به‌خۆیانه‌وه هه‌ڵده‌گرن و بوارێكی بهرفرهوانیش بۆ خه‌یاڵی بینه‌ر به‌جێ دێڵن، به‌ڵام لێ ناگه‌ڕێ بینه‌ر له‌ناو گێژهنهیهكی ناواقعیدا بخولێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ژیانی ساده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری ئه‌رمه‌نییه‌كان وه‌ك خۆی نیشان بدات.
راستگۆیی ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵ واقیعدا له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت كه نایه‌وێت ژیانی ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی رتوشكراوی ئه‌وتۆ ده‌ربخات له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی ئه‌واندا كۆك نه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ده‌رهێنه‌ر له‌رووی جوگرافییه‌وه ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژی بهینه له نێوان زێدی باوك و باپیرانی، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك ئاشنا بهئهرمهنستهكانه كه بینه‌ر مه‌زه‌نده‌ی بۆ ئه‌وه بچێت، ئه‌و ده‌رهێنه‌ره ئه‌وه‌نده شاره‌زای كولتوور‌و كهلهپوورو ژیانی ئه‌وانه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رمه‌نی بێت، خۆ ئه‌گه‌رچی ده‌رهێنه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نه‌بووه فیلمه‌كه به‌ته‌نها زمانی كوردی بكات، به‌ڵام توانیوویه‌تی كهشو هه‌واو كولتووری كوردی به‌سه‌ر پانتایی زه‌مینه‌ی فیلمه‌كه‌دا زاڵ بكات، كه به‌ده‌ر له‌زمان بینه‌ری كورد به‌وێنه‌و روداو‌و دیمه‌نه‌كان له فیلمه‌كه‌دا هه‌ست به‌بوونی خۆی بكات، گه‌لانی دیكه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌یان لا گه‌لاڵه بێت كه‌ئه‌و فیلمه فیلمیكی كوردییه، به‌مه‌ش ده‌رهێنه‌ر توانیویه‌تی پێناسێكی راستگۆیانه‌ی ئه‌و گه‌له بكات و خۆشی وه‌ك دهرهێنهریكی كورد خۆی به دنیا بناسێنێ.
زه‌مینه‌ی بنه‌ڕه‌تی فیلمه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رجه‌سته كردنی هه‌لومه‌رجی ته‌نگه‌تاوی ئابووری داناوه، ئه‌وه‌تا زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانی دووچاری ژیانێكی كوله‌مه‌رگی كردووه، لهدیمهنێكا ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات كه چۆن دۆلابه‌كه‌ی پیره‌مێرد ده‌دزرێ و ده‌ڕفێندرێ، وا له كچێكی تازه پێگه‌یشتووی وه‌ك كچی بێوه‌ژنه‌كه ده‌كات كه دوای ده‌ركردنی دایكی له كهشكه ڤۆدگاكه ناچاری ئه‌وه بێت، له‌شی خۆی بفرۆشێته خاوه‌ن هۆتێله‌كه، یان بێوه‌ژن بۆ خۆ رزگار كردن له‌و ته‌نگژه سه‌خته‌ی برسیه‌تی ناچاری ئه‌وه بێت پیانووی كچه‌كه‌ی بفرۆشێت كه‌به‌لای كچه‌كه‌وه هه‌موو ژیانی بوو، تاقه سهلوایهكی ئه‌و باره نائارامه ده‌روونییه‌ی ئه‌و بوو.
ده‌رهێنه‌ر كاتێك ده‌توانێ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی لێك جودا بوونه‌وه‌ی ئه‌و كچه له‌گه‌ڵ پیانووهكهی دا نیشان بدات، كهكچهكه له‌ناو شه‌پۆلی فرمێسكهكانیدا دوا عه‌زفی ماڵئاوایی له‌گه‌ڵ پیانوویهكهی لێده‌دا، ئینجا بهماتهمی ده‌ست لهپیانووهكهی هه‌ڵده‌گرێت كه بیبه‌ن بیفرۆشن، هه‌ر له‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌رهێنه‌ر باری ناله‌باری ئابووری خه‌ڵكه‌كه‌ی پیشان نه‌ده‌دا، بگره ئه‌وه‌شمان نیشان ده‌دات كه چۆن زۆر له‌رۆڵه‌كانی ئه‌و گونده بۆ نان په‌یدا كردن، روویان له هه‌نده‌ران كردووه، له‌وانه‌ش كوڕه‌كه‌ی(هامۆ) بهلاٍَم وه‌ك ده‌رهێنه‌ر نیشانی ده‌دا ئه‌مه‌ش رێگه چاره‌ی رزگاربوونی خه‌ڵكی گونده‌كه نیه بۆ رزگار بوون له‌و باره ناهه‌مواره، به‌ڵكو ئه‌وانیش هیچیان به هیچ نه‌كردووه و نه‌یانتوانیووه خه‌ونه‌كانیان بهیننه دی.
دیوێكی دیكه‌ی نهگهتیفیانه كه ده‌رهێنه‌ر خستویه‌تیه روو لایه‌نی شه‌ڕه كه‌له‌ناو خه‌ڵكی گونده‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وانه‌ش رفاندن و دزین، ده‌ست درێژی كردنه سه‌ر كچی بێوه‌ژنێكی وه‌ك (نی‌نا) قه‌ستی كوشتن له‌نیوان خزم و كه‌سوكاری یه‌كتری گونده‌كه له‌سه‌ر پاره چه‌ندین حاڵه‌تی تر،به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وهه‌موو حاڵه‌ته تراژیدییه‌ی پڕ لهمهرگهساتانهشدا ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگی و ریتمی درامی فیلمه‌كه‌ی له‌نێوانی تراژیدیا‌و سووكه كۆمێدیا یان له‌نێوان ره‌شبینی و گه‌شبینی دا تێك نه‌داوه، ئه‌وه‌تا كه نینای بێوه‌ژن دوای ده‌ركردنی له‌و كاره له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی فرمێسك هه‌ڵده‌رێژن، شه‌پۆلی زه‌رده‌خه‌نه هارمۆنیایێك ده‌ده‌نه فرمێسكه‌كان و جوانییه‌ك به تراژیدیای فرمێسكه‌كانی ده‌به‌خشێت.
ده‌رهێنه‌ر فیلمه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی بونیات ناوه، هه‌ر ته‌نها خۆشه‌ویستی سۆزداریشی نا بگره خۆشه‌ویستی بۆ ژیان كه به‌رده‌وامی به‌ژیان ده‌داو لای ئه‌و هه‌تا ئه‌و كاته‌ش كه نی‌نا مێرده‌كه‌ی له گۆڕ دابوو هامۆ – ژنه‌كه‌ی مردبوو، ئه‌وان له‌خۆشه‌ویستی مردووه‌كانیان جیا نهدهبوونهوهو موماره‌سه‌ی خۆشه‌ویستییان له‌گه‌ڵ مردووهكانیاندا ده‌كرد،له‌لای ده‌رهێنه‌ر هیچ حاڵهتهپڕ لهمهرگهساتهكان كۆتاییان به‌خۆشه‌ویستی نه‌هێناوه، هه‌تا ئه‌گه‌ر بنیاده‌م له ویستگه‌كانی دوا ته‌مه‌نیشی دابێت، ناتوانێت بێ خۆشه‌ویستی هه‌ڵ بكات، بۆیه نینای بێوه‌ژن و هانۆی پیره‌مێرد سه‌ره‌تای خۆشه‌ویستییه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ یه‌كدا ده‌ست پێ ده‌كه‌نه‌وه به‌ڵام خۆشه‌ویستی دووه‌م خۆشه‌ویستی یه‌كه‌م له‌ناو ده‌بات . به ئاشكراش ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه كه بۆشایی سێكسی فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تیه بۆ ئه‌و حاڵه‌ته رۆمانسی و تراژیدییه‌ی كه كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا ده‌ژیت، به‌نه‌مانی ئه‌و بۆشاییه‌ش به‌هۆی به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیف بینه‌ر د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌و حاڵه‌ته مرۆییه رۆمانسییه زۆر به‌سۆزه نامێنێت، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه دوای دروست بوونی خۆشه‌ویستی له‌نێوان بێوه‌ژن و پیاوه رهبهنهكه جارێكی دیكه هیچ له‌وان بیری مردووه‌كانیان ناكه‌نه‌وه. هونه‌ر سه‌لیم زه‌مه‌نیشی له‌پاڵ دیارده‌كانی تری فیلمه‌كه كردووه به‌هێما بۆ خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كان، ئه‌وه‌تا هه‌ر بۆ نموونه سه‌راپای وه‌رزی فیلمه‌كه زستانه، ته‌نها كۆتاییه‌كه‌ی نه‌بێت كه به‌هاره‌و هێمای ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی ژیانێكی نوێیه، ئه‌و به‌هاره كۆتایی به‌رۆژانی به‌سته‌ڵه‌كی ته‌نیایی و بێ ئه‌ومێدی دێنێ و ده‌بێته ده‌ستپێكی وه‌رزێكی نوێ ی خۆشه‌ویستی، بۆیه ده‌رهێنه‌ر له چاره‌سه‌ر كردن دراماییانه‌ی فیلمه‌كه ده‌گاته تروپكی داهێنان،كاتێ هامۆی ره‌به‌ن و نی‌نا ی بێوه‌ژن بڕیار ده‌ده‌ن كهپیانووی كچه‌كه نه‌فرۆشن، له دیمه‌نێكی سیحراوی دا هه‌ردوكییان له به‌رده‌م پیانووهكهدا داده‌نیشن و به‌ده‌م ئه‌و گۆرانییه ده‌ڵێنه‌وه كه جاران به ده‌م رێگه‌ی چوونه سه‌ر گۆڕستان شوفێری پاسه‌كه بۆیانی ده‌چڕی و ئه‌وانیش له گه‌ڵیدا هه‌ستی خۆشه‌ویستی و خۆش ویستنی ژیانیان له‌لادا سه‌ر له نوێ چڕۆی ده‌كرده‌وه
ن/حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.