ن/ جه‌مالی ده‌لاك
له‌گه‌ڵ خۆرئاوابووندا له‌ڕێكه‌وتی (16/6/2019) هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و هه‌ست ناسك وهێدی هێدی بۆ هه‌میشه مالئاوایی له دنیای هونه‌ر كرد و بۆهه‌میشه به‌جه‌سته به‌جێیهێشتین ، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ره ئارامبهخشهكهی بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی ، به‌بۆنه‌ی چل ڕۆژ له‌و مه‌رگه ناوه‌خته‌ی هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی سابوور ، بهیادهوهرییهكی هونه‌رمه‌ند پێم باشبوو یادێك له ڕووحی هونه‌رمه‌ند سابووری بكه‌مه‌وه ،
له‌دوای ئه‌و كاریگه‌ره به‌رفراوانه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا له‌باشووری كوردستان ، شه‌پۆله‌كانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا سنووری باشووری تێپه‌ڕاندو كاریگه‌ری بێ وێنه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌گشتی و چینی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان وڕۆشنبیران دانا ، وه له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو هاوتا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ڕادیۆی كوردی له‌كرماشان هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه‌وه بۆوه كاریگه‌رییه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵكی باشووری كوردستان هه‌بووه جه‌ماوه‌ر به‌ته‌واوی به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی كرماشان ئاشنا بوون، له‌ڕێی ئه‌م ڕادیۆیه‌وه ( كرماشان) به‌رده‌وام گوێگر و بیسه‌ری به‌ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاشنا ده‌كرد هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك
( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، مه‌زهه‌ری خالقی ، محه‌مه‌دی ماملێ ، ڕه‌زای سه‌قایی ، عه‌لائه‌دینی باباشه‌هابی ، ئیسماعیلی پیرخدری ، سه‌عیدی قه‌ندی و سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی وبرایانی زێ‌زێ و ....تاد) له‌گه‌ڵ ده‌نگ و سۆزی چێژبه‌خشی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه دوو ده‌نگی ناسك و ئارام به‌خش ، هاوشانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه زۆر به‌زوویی لهنێوههست و سۆزی بیسه‌راندا جێیان گرت و هه‌ركات ده‌نگی برایانی (سابوور ) ( فهیروزو ئیسماعیلی سابوور ) له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشانه‌وه ده‌بیسترا ، بیسه‌ر و گوێگر به‌وپه‌ڕی چێژ‌و عهشهقهوه گوێیان له‌و دوو ده‌نگه ناسك و خۆشه ده‌گرت ،
ئیسماعیلی سابوور هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك و زاده‌ی ژینگه زهنوێرهكهی هه‌ورامانه ، له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیه‌وه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك تاكۆچی ناواده‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یدا ده‌ژیا و كۆڵی نه‌دا چ له‌ڕۆژهه‌ڵات و چ و له‌وكاته‌ی ڕووی كرده باشووری كوردستان ، درێژه‌ی به‌كاره هونه‌رییه‌كانی دا و ، به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی و به‌رهه‌مه نایابه‌كانی توانی هۆگرو هه‌وادارێكی زۆر له‌ده‌وری هونه‌ره‌كه‌ی كۆبكاته‌وه ، له‌ڕێكه‌وتی 29/1/2014 له‌مه‌راسیمی به‌خشینی خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان(محه‌مه‌دی ماملێ ) به هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی ) ، له‌ومه‌راسیمه‌دا به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ند ( ئیسماعیلی سابوور ) گه‌یشتم و به‌هه‌لم زانی له‌و دیداره‌دا پرسیارێكی ئاراسته بكه‌م سه‌باره‌ت به بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) به‌وهۆكاره‌ی كه كاك ئیسماعیلی هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆ كرماشان‌دا بووه و به‌رهه‌می هونه‌ری تۆماركردووه ،
لێم پرسیی خوێندنه‌وه‌ی بۆ زیره‌كی نه‌مر چییه‌و ئایا له‌نزیكه به‌دیداری شاد بووه ، له‌وه‌ڵامدا به‌و ده‌نگه هێمن و هێدی یه‌وه وتی :
( به‌ڵێ له‌نزیكه‌وه دیومه و به‌خزمه‌تی گه‌یشتووم ، تازه هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی پڕ به‌هره‌و لێوان لێو له‌هونه‌ر نابێته‌وه ، چونكه ئوستاد بوو له ده‌نگ و تێكست و میلۆدی ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌وه‌نده به‌رزه كه من ناتوانم لێی بدوێم ،ئه‌گه‌ر قسه‌شی له‌سه‌ر بكه‌م باوه‌ڕت هه‌بێت ناتوانم ئه‌و حه‌قه‌ی پێبده‌م ، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بیرهوهرییهكت بۆ بگێڕمه‌وه سه‌باره‌ت به گه‌وره‌یی و لێهاتوویی و شاره‌زا له گۆرانی و موزیك ، ڕۆژێك له‌ڕادیۆی كرماشان بووم ، ئاغای زیره‌ك له‌ساته وه‌ختی تۆماركردنی گۆرانی دا بوو له‌گه‌ڵ ئۆركێستری كرماشان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره به‌توانایانه كه‌هه‌ریه‌كه‌یان ئوستادێكی به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون ، منیش پێم خۆش‌بوو دانیشم و ڕاسته‌وخۆ گوێبیستی ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بم ، گروپی موزیك ئاماده‌بوون و ده‌ستیان كرد به ژه‌نینی میلۆدیی گۆرانییه‌ك و حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌پشتی مایكه‌وه وه‌ستابووه ، هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار موزیك ده‌ژه‌نن و ئاغای موشته‌بای میرزاده به‌هێمایه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی ئاگاداركرد كه گۆرانی بخوێنێ ، به‌ڵام زیره‌كی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و شاره‌زا له‌موزیك گۆرانی نه‌خوێند ، به‌ده‌ستی هێمای كرد بۆ ژه‌نیاره‌كان كه بوه‌ستن ، و ڕووی كرده هونه‌رمه‌ند میرزادهو پێی ووت ( ئای میرزاده به‌رزه نیو په‌رده وه‌ره خواره‌وه ) كاتێك كه‌گوێم له‌و وشه‌یه بوو زۆر له‌لام سه‌یربوو و وهبۆیهكهمجاربوو ئه‌و وشه‌یه ببیستم ، كه‌واته ده‌توانم بڵێم حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ته‌نها ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژ نه‌بوو به‌ڵكو موزیك زان و موزیك ناسیش بوو ) هه‌زاران چه‌پكه گوڵ بۆسهرگڵكۆت هونه‌رمه‌نده هێمن و ده‌نك ناسكه‌كه‌ی كوردستان ، ڕۆحت شاد و یاد و یاده‌وه‌رییه هونه‌رییه‌كانت هه‌مووكات به‌رزو به‌ڕیز بێت هونه‌رمه‌ندی ئازیز ئیسماعیلی سابوور .
26/7/2019
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.