وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی فەلەستین ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو وێرانکارییە بەرفراوانەی بەهۆی جەنگەوە بەر کەرتی غەززە کەوتووە، پێویستیان بە بودجەیەکی زیاتر لە 70 ملیار دۆلار هەیە بۆ پرۆسەی نۆژەنکردنەوە.
عاهد بەسیسو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە هاوبەشەی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا ئەنجامیان داوە، خەمڵاندنەکان ئاماژە بە تێچووی 71.4 ملیار دۆلار دەکەن، کە تەنها پشکی کەرتی نیشتەجێبوون تیایدا 18 ملیار دۆلارە.
ئامارەکانی وەزارەتەکە دەریدەخەن کە نزیکەی 372,000 یەکەی نیشتەجێبوون لە ئاکامی هێرشەکان وێران بوون، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان خەمڵاندنەکانی بۆ ئاستێکی مەترسیدارتر بەرزکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە؛ 81%ی تەواوی بیناکانی کەرتی غەززە زیانیان پێگەیشتووە، لەو ژمارەیەش 123,000 باڵەخانە بەتەواوەتی خاپوور کراون.
بەگوێرەی داتاکان، دۆخەکە تەنها لە وێرانکردنی باڵەخانەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو نزیکەی 68 ملیۆن تۆن پاشماوەی بینای وێرانبوو لە ناوچەکەدا کەڵەکە بووە، کە لابردنیان بە کێشەیەکی گەورە دادەنرێت و ڕەنگە نزیکەی 20 ساڵی پێویست بێت. هاوکات 75%ی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیش لەکارکەوتوون.
سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەت، بەسیسو جەختی کردەوە کە لە قۆناغی سەرەتایی نۆژەنکردنەوەدان، ئەوەش لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی باڵەخانەکان، پاککردنەوەی داروپەردوو، و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ ئەو خێزانانەی بێبەش بوون.
شایەنی باسە، ئەم قەیرانە دارایی و بیناسازییە هاوتەریبە لەگەڵ کارەساتێکی مرۆیی گەورەدا؛ بەپێی ئامارەکان ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە 74,000 کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، لەگەڵ برینداربوونی 175,000 کەسی دیکە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوام هۆشداری دەدات لە نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.