حه‌یرانبێژی كۆچكردوو حه‌سه‌ن حه‌یران ، ئه‌و مرۆڤه‌ی هه‌میشه له خه‌می پێشخستنی لاوك و حه‌یران بوو له‌لایه‌كی دیكه‌وه چه‌كی شه‌ره‌ف و به‌رگری هه‌ڵگرتبوو ببوو به پێشمه‌رگه‌ی شۆرشی ئه‌یلولی مه‌زن.
حه‌یرانبێژی كۆچكردوو حه‌سه‌ن حه‌یران به گه‌واهی هه‌موو لایه‌ك ناوێكی دیاره له نێو دنیای لاوك و حه‌یرانی كوردی ڕه‌سه‌ندا كه هه‌موو كه‌سێك به‌و ده‌نگه زووڵاڵه ئاشنایه و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی و تێكه‌ڵ به ناخی ده‌بێت و ده‌روونی ده‌حه‌سێته‌وه، چونكه هه‌موومان یادگاری زیندوومان له‌گه‌ڵ ده‌نگه حه‌زین و به‌سۆزه‌كه‌ی ئه‌ودا هه‌یه، حه‌سه‌ن حه‌یران ناوی ته‌واوی ( حه‌سه‌ن قادر خه‌لیل برایم گه‌وره‌یه) و له هۆزی ڕۆژ به‌یانیه و ساڵی 1937 له گوندی (ته‌له‌رخێمی گه‌وره) ی سه‌ر به مهڵبهندارییهتی گوێڕ چاوی بۆ ژیان هه‌ڵهێناوه و له دایك بووه، له ژیاندا دوو جار پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هه‌ردوو خانمان (حه‌لیمه حه‌مه‌ده‌مین ته‌له‌رخێمی) و (سه‌عاده‌ت سمایل شۆڕهزهرتكهیی) ئه‌نجامداوه كه له هاوسه‌ری یه‌كه‌میدا دوو منداڵی هه‌یه به‌ناوی چه‌تۆ و مه‌هان و له هی دووه‌میشیان سێ كوڕ و سێ كچی هه‌یه به‌ناوه‌كانی ئومێد و ئه‌میر و هیوا و خه‌مان و په‌یمان و شیلان.
ئه‌و حه‌یرانبێژه وه‌ك هه‌موو كوردێكی ده‌شت و ده‌ر به هه‌ژاری و نه داری ژیاوه و سه‌ره‌تای ژیانی به كاری شوانی و مه‌ڕداری ده‌ست پێكردوه، ساڵی 1950 هاتۆته شاری هه‌ولێر و له پێناو په‌یداكردنی بژێوی ژیانی ماڵ و خێزانی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بۆته پاسه‌وانی شه‌وانه له قشله‌ی گه‌وره، وه‌ك لێی ده‌گێڕنه‌وه جگه له گوتنه‌وه‌ی لاوك و حه‌یرانیش زۆر حه‌زی به گه‌شت و سه‌یرانی سه‌یرانگاكانی كوردستان كردوه و زۆر دڵی پێ ئاسووده بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌و حه‌یرانبێژه له ته‌مووزی ساڵی 1984 به ڕووداوی ئۆتۆمبیل له گه‌شتێكی نێوان هه‌ردوو شاری نه‌غه‌ده و ڕه‌زاییه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كۆچی دوایی كرد و بۆ هه‌تا هه‌تایه چاو پڕ له خۆزگه‌كه‌ی لێكنا و له‌به‌رچاومان ون بوو، به‌و كۆچه‌ش هه‌موومانی غه‌مبار كرد و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ش كه‌وتنه نێو كۆڕی مه‌جلیسی و لاوك حه‌یرانی كوردی، چونكه لاوك و حه‌یران و مام حه‌سه‌ن دوانه‌یه‌كی زۆر جوان و ڕه‌نگین بوون،به‌ڵام ده‌نگه زووڵاڵهكهی هه‌میشه له گوێچكهماندا ده‌زرنگێته‌وه، هه‌ر بۆ به‌رچاو ڕوونیش ئه‌مڕۆ كوڕ و نه‌وه‌كانی قۆڵ و باسكی مه‌ردانه‌یان لێ هه‌ڵماڵیوه و ناهێڵن ناوی (حه‌سه‌ن حه‌یران) ی كۆچكردوو ون بێت،كۆچكردوو جگه له لاوك و حه‌یران شاره‌زاییه‌كی باشیشی له ژه‌نینی شمشاڵ و نه‌ی و دوزه‌له و ئامێره مۆسیقیه فودارهكان هه‌بووه و له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆیدا له پاڵ لاوك و حه‌یراندا هه‌ر بۆ خۆشی ئه‌و ئامێرانه‌شی ژه‌نیوه و له بابه‌تی حه‌یرانیشدا زۆر سوودی له ده‌روێش (خه‌لیل قادر ته‌له‌رخێمی) ی گونده‌كه‌ی خۆیان بینیوه و شانازی زۆری پێوه كردوه و تا ئێستاش چه‌ندین لاوك و حه‌یرانی له‌سه‌ر كاسێت تۆمار كردوه، ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ش نموونه‌یه‌ك له حهیرانهكانیهتی:
ده‌رێم بابه ئه‌وڕۆ به‌وێ هێوارێ چه‌ندی گاز ده‌كه‌م زێێ بادینان له من دێ و دهسافێ، شه‌پۆڵی خۆی ده‌داوه له جسری كه‌له‌كی له عاوی مه‌لا عومه‌ر و چهمهدووبزان، گوێر زماره و زماران هه‌موو دانی هێواران گه‌له به نازی پاری خۆی ده‌دا له گرده‌كه‌ی كوشافێ، ده‌با سینگ و مه‌كی ئه‌و غه‌داری غه‌دار داك له بۆ من بمێنێ به گومبهتهكهی سوڵتان عه‌وڵای عاره‌بی وه‌كی هه‌موو فه‌سڵی ده‌ره بواران جاحێرهكانی در به خه‌م له بۆ خۆ گه‌له به دره‌كی غه‌م به‌بار لێ ده‌كه‌نه‌وه زیاره‌ته له‌گه‌ر ته‌وافێ.. له ده‌قی حه‌یرانه‌كی دیكه‌دا ده‌رێ: ده‌رێم خۆزیا به خۆزی داران باجگری ماچان بام له‌سه‌ر پرده‌كه‌ی كاوله ڕواندزێ، ئه‌وه‌له‌ن له كیژۆره بارهكیان له گه‌رده‌ن كێلێ رواندزیان له‌سه‌ر به تاسی خۆشناوان یه‌قه به سنجاقی كۆییان سه‌ر به پۆشی سوله‌یمانیان له عه‌با ڕه‌شی هه‌ولێریان له بسك قوتی سارهییان له كیژه خێرهكی و ڕه‌وه‌ندی و ئاكۆیی و مام سار و خه‌یلانیان و له شل و مل و چاو به كل و باغه‌ر شۆڕی دزه‌ییان وه‌كی فه‌سڵی ده‌ره بواران دێنه‌وه له‌سه‌ر چاكه‌كه‌ی سوڵتان عه‌ولای عاره‌بی له كۆڕی معیجیلهی له گۆمی سێقولینچكی نا وه‌ڵڵا له كه‌ند و له‌ندی مشاری و.. تد.
ن/ محه‌مه‌د كورده
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.