ڕابەری ڕەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد رۆژی ھەینی داھاتوو نوێژی ملیۆنی ئەنجامبدەن و گەندەڵكاران بلەرزێنن.
لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە باوەڕدارانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕێکخستنی یەکەم نوێژی ھەینی لە مزگەوتی گەورەی کوفە لە دوای شەھیدکردنی ئەمیری باوەڕداران عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب.
سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات، نوێژێکی ملیۆنی ڕێکبخەن وگەندەڵکاران بھێنێتە لەرزە، بەجۆرێک ستەمکاران سەرشۆڕ و ستەملێکراوان سەربخات.
سەدر پێی وایە عێراق پێویستی بە ھەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی ئاشتیخوازانەی توڕە ھەیە، کە ببێتە سەرەتایەک بۆ بونیادنانەوەی عێراق دوور لە ھەر گەندەڵی و ستەم و داگیرکارییەک. بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات پێکەوە ھەڵمەتبەرن بۆ ڕزگارکردنی نیشتیمان.
ھەر لە درێژەی پەیامەكەیدا، موقتەدا سەدر بە ئەندام و لایەنگران و ھاوپەیمانەكانی دەڵێت: پێكەوە ھەڵمەتبەرن بۆ ڕزگاركردنی نیشتیمان، ئەمڕۆ دین و مەزھەب و عێراق لە ئەستۆی ئێوەدایە، قسەی خۆتان بكەن، عێراق عێراقی ئێوەیە، نیشتیمان نیشتیمانی ئێوەیە، خێروبێری موڵكی ئێوەیە نەك دز و گەندەڵكاران، بۆ ئێوەی عێراقییە بە ھەموو تایەفەكانەوە، ئیسلامی بێت یان مەدەنی، موسڵمان بێت یان مەسیحی یان ھەر دینێكی تر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.