Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 06:56

ڕۆحانی: ئێران دەستبەرداری مافی هەناردەکردنی نەوت نابێت

کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە نایاساییە
کوردستان TV
#11
100%


سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان خوازیاری درووستبوونی هیچ کێشەیەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نیین، بەڵام مل بۆ فشارەکان لەبارەی فرۆشتنی نەوتیشەوە کەچ ناکەن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، تاران هەوڵی نانەوەی ئاڵۆزی و ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت نادات لە ناوچەکەدا، بەڵام دەستبەرداری مافی هەناردەکردنی نەوتیش نابێت.

ڕۆحانی لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە ئینتەرنێت رایگەیاندووە، کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە نایاساییە و لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەوروپادایە سەبارەت بە پارێزگاریکردن لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تاراندا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دروستکردنی ئاڵۆزی نادات لە ناوچەکەدا و خواستی ئەوەشی نییە هیچ کێشەیەک لە دەروازە و نۆکەندە ئاوییە جیهانییەکاندا دروستبکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی خۆی نابێت لە هەناردەکردنی نەوتدا.

ئەو بەیاننامەیەی ڕۆحانی لەکاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەرەیسەندووە، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی مانگی ئایاری ڕابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە کشانەوەی وڵاتەکەیی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و دووبارە گەمارۆکانی وڵاتەکەیی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

ئەو وتانەی ڕۆحانی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ حسێن خانزادی فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران ڕایگەیاند، مانەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە، داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد، پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر تاران جێبەجێبکات.

ئیدارەی واشنتۆن بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەشتی ئایار لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆیەک کشابوویەوە و لە ئێستاشدا سەرگەرمی ئامادەکارییە بۆ ئەوە لە مانگی تشرینی دووەمەوە گەمارۆ بخاتە سەر نەوتی ئێران.

 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.