جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگهیاند، سبەینێ پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی كۆدەبێتەوە و دواتریش كاتێك بۆ نەمانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دیار دەكەن.
جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمان تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی بەڕێوە دەچێت و ئومێدی خواست کە لەو دانیشتنەدا بتوانن یاساکە پەسەند بکەن.
گوتیشی: حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆچوونی خۆی لەسەر پڕۆژەكە دیاركردووە، ئێمەش وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ماددەكانمان دیاركردووە، بۆیە دڵنیام كۆبوونەوەی سبەی بە سەركەوتوو ئەنجامدەدرێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ئەو بابەتە پێشتر كێشەی لەسەر بوو، كاتێك كەوتە بەر ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و موزایەدە خراپتریش بوو، رەنگە بەشێك لە ھەڵەكانیش ھی خۆمان بێت وەك ئەندامانی پەرلەمان، ھەستیاریی دۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، تا وای لێھات پڕۆژەكە دواكەوت.
راشیگەیاند: لە دوای پەسندكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازیی، رەنگە كاتێك بۆ قسەكردن لەسەر نەمانی پاشەكەوت دیار بكەین و پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەران نەمێنێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.