سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی هەردوو پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا کرد و داوای کرد وڵاتانی ئەوروپایی لە بوارەکانی چاكسازی، ئاوەدانكردنەوە، كشتوكاڵ و چەنین بواری دیکە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن.
رۆژی دووشەممە 14ـی نیسانی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی پارلەمانی بریتانیا و پارلەمانی یەكێتیی ئەوروپا كرد.
لە دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و شاندە هاوبەشەکەدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەریی لە تورکیا دا و جەختی لەوە كردەوە؛ "مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگای چارەسەریی ئاشتییانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات".
بارەگای بارزانی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەدا بڵاویکردووەتەوە؛ "لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستایشی ئارامی و سەقامگیری و پێشڤەچوونانەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە و سەرسامیی خۆشیان بە هەبوونی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دەربڕی. هەروەها لەو دیدارەدا پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات كردەوە".
زیاتر روونکراوەتەوە؛ "لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەری و پێشڤەچوونانەی لە پڕۆسەی چارەسەریی توركیا هاتۆتە ئاراوە، جەختی لەوە كردەوە مادام دەرفەتی ئاشتی هەیە و دەرگای چارەسەریی ئاشتیانە كراوەیە، نابێ هیچ لایەك پەنا بۆ ڕێكاری شەڕكردن ببات. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە پێكەوەژیان هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگەی كوردستانیە و فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو و دێرینی گەلەكەمانە".
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە؛ "سەرۆك بارزانی سوپاسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەریكاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و هاوكار و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوونە. داواشی كرد وڵاتانی ئەوروپایی لە بواری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵ و پەروەردە و تەكنۆلۆژیا و زانستدا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن".
لە بەشێكی دیکەی دیدارەکە؛ "پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئەندامانی شاندی میوانی دایەوە".

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.