پارێزگاری حەسەکە پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیی محەمەد ئیسماعیل کرد و تاوتوێی دۆخی بژێوی، ئاسایش و پڕۆسەی تەواوکردنی یەکخستنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەندازیار نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیی محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کرد، بە ئامادەبوونی خاتوو فەسڵە یوسف ئەندامی ئەنجومەنی گەل لەسەر پارێزگای حەسەکە و حەسەن شرۆ بەرپرسی لیژنەی یەکخستن.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی بژێوی و گوزەرانی دانیشتووانی پارێزگاکە کرا، هەروەها ڕێڕەوی تەواوکردنی پڕۆسەی یەکخستنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان تاوتوێ کرا، هاوکات ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە خرانە بەرباس.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هاووڵاتییان و دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.