Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 22:41

په‌یکه‌رێک بۆ تاقه‌کانه‌کانی ئه‌نفال دانرا

ناوی سه‌رجه‌م تاقانه‌كانی ئه‌نفال نووسراوه‌
کوردستان TV
100%

تاقانه‌كانی ئه‌نفال، ئه‌و كوڕ و كچانه‌ن كه‌ ته‌نیا خۆیان له‌ خێزانه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی تریان له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال شه‌هید بوون، بۆ به‌رز ڕاگرتنی قوربانییانی تاقانه‌كان و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیان له‌ ژیان، ناوه‌ندی شاره‌دێی ڕزگاری یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان په‌یكه‌رێكی دروست كرد و ناوی سه‌رجه‌م تاقانه‌كانی ئه‌نفالیان لێ نووسی.

كامه‌ران له‌تیف به‌رپرسی ناوه‌ندی شاره‌دێی ڕزگاری "سموود"ی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ دۆزی ئه‌نفال و خزمه‌تێك به‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفال، بڕیارمان دا په‌یكه‌رێكی تایبه‌ت به‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفال له‌ شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی یه‌كه‌ی كارگێڕی گه‌رمیان دروست بكه‌ین.

زیاتر گوتی، له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ ناوی سه‌رجه‌م تاقانه‌كانی ئه‌نفال نووسراوه‌، كه‌ خۆی له‌ 150 ناو ده‌بینێته‌وه‌، جگه‌ له‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفالی گه‌رمیان، تاقانه‌كانی هه‌موو كوردستانی تێدایه‌، په‌یكه‌ره‌كه‌ هاوشێوه‌ی تابلۆیه‌كیش دروست كراوه‌، كه‌ ڕه‌نگی ڕه‌شه‌ و ناوی تاقانه‌كانیش به‌ سوور نووسراوه‌ كه‌ هێمایه‌ بۆ خوێنی ئه‌نفالكراوان، چوارچێوه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌یش ڕه‌نگی سپییه‌، وه‌ك هێمایه‌ بۆ ڕه‌نگی ئاشتی.

زیاتر گوتی، تێچووی په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ته‌رخان كراوه‌ و كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌رتاشی ده‌ستڕه‌نگین و نووسه‌ری بواری ئه‌نفال ئیسماعیل هه‌ناره‌یی هاوكار بوون.

په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌ به‌رده‌م كتێبخانه‌ی شاره‌دێی ڕزگاری "سموود" دانراوه‌، كه‌ به‌ پایته‌خت و لانكه‌ی ئه‌نفال ناسراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌دێكانی سه‌ر به‌ شارۆكه‌ی كه‌لار و ژماری دانیشتووانی زیاتر له‌ 36 هه‌زار كه‌س ده‌بێ، له‌ 1987 به‌ ته‌واوی ڕووخێنرا و وه‌ك ئۆردوگایه‌كی  زۆره‌ملێ بۆ به‌جێماوانی ئه‌نفال دروست كرایه‌وه‌ و ناوی سموودی لێ نرا، پاش ڕاپه‌ڕینی 1991ی گه‌لی كوردستان ناوی شاره‌دێكه‌ له‌ سمووده‌وه‌ بۆ ڕزگاری گۆڕا.

سه‌رچاوه‌/ وشه‌

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.