ئهمڕۆ ههینیی 11ی ئهیلوول، تیمی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان بهبۆنهی تێپهڕبوونی 65 ساڵ بهسهر شۆڕشی ئهیلوولی مهزن بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه كه ئهمه دهقهكهیهتی ..
لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، فراكسیۆنەكەمان بە شانازی و سەربەرزییەوە یادی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکاتەوە کە لە 11ی ئەیلوولی 1961دا، بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و پێشڕەویی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیرادەی گەلێکی ستەملێکراو گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری و قۆناغێکی نوێی خەباتی كوردستان دەستی پێکرد.
بارزانی نەمر سەرکردەی گەورە و هێزی یەکخەری ئەو شۆڕشە بوو, كە بە دووربینیی سیاسی و توانای سەرکردایەتی و ئازایەتی و باوەڕی قووڵی بە ڕەوایی دۆزی کورد، توانی سەرجەم گەلی كوردستان لە دەوری یەک ئامانج کۆبکاتەوە و لەچوارچێوەی شۆڕشێكی سەرتاسەریی مەزندا ڕابەڕایەتیان بكات، و خەباتی گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی، لە بەرهەڵستکارییە پچڕپچڕەکانەوە بگوازێتەوە بۆ شۆڕشێکی ڕێکخراو و بەردەوام.
ئەوەی گرنگە شۆڕشى ئەیلول، یەكەم جاربوو، توانی دەرفەت بۆ هەموو تاکێکی کوردستان بڕەخسێنێت تا هەستی کوردپەروەریی خۆی بکاتە کردار و بەشداریی لە خەباتی گەلەکەيدا بكات. متمانەی تاکی کوردی بە خۆی و بە توانای گەلەکەی پتەو کرد و سەلماندی کە سوپا و چەک ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە باوەڕی بە ڕەوایی دۆزەکەی هەیە. هەروەها پێشمەرگایەتیی کرد بە ڕێباز و دامەزراوەیەکی بەردەوامی گەلی كوردستان بۆ پاراستنی گەل و خاک و کەرامەتی تاكی كورد. پاشانیش مێژوو سەلماندی كە شۆڕشی ئەیلول قوتابخانەیەکی گەورە بوو لە پێگەیاندن و پەروەردە كردنی نەوەیەکدا، تا دوای ئەیلوولیش ئاڵای خەباتی نەتەوەیی بەرز ڕابگرێت.
شۆڕش لەو ناوچانەی بەڕێوەی دەبردن، گۆڕانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی بەرپاکرد. ڕووبەڕووی هەموو جۆرە چەوساندنەوە و زوڵم و جیاکارییەك بووەوە، بەهاکانی یەکسانی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و هاوکاریی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بەهێز کرد. بەشداریی ژنانیش لەشۆڕشدا سەلماندی کە خەباتی نەتەوەیی بەبێ هاوبەشیی ژن و پیاو تەواو نابێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەوەبوو شۆڕشی ئەیلوول كە دۆزی ڕەوای کوردی لە سنووری ناوخۆیی عێراق دەرهێنا و بە جیهانی ناساند. بە فیداکاریی پێشمەرگە و پەیامی ئاشتیخوازانە و مرۆیی بارزانیی نەمر، ڕای گشتیی جیهان زیاتر بە ماف و ئازارەکانی گەلی کوردستان ئاشنا بوو. دۆزی کورد دۆست و پشتیوانی بۆ خۆی پەیدا کرد و چیتر نەدەکرا لە بێدەنگیدا بشاردرێتەوە.
لەكۆتاییدا شۆڕشی ئەیلوول توانی یەكەم درزى مێژوویی بخاتە دیواری دابەشکاریی سایکس–پیکۆ كە كوردی بێ ماف كردبوو، بەوەی دەسەڵاتی بەغدای ناچار کرد دان بە بوونی گەلی کورد و بەشێک لە مافە ڕەواکانیدا بنێت و لە ڕێککەوتنی 11ی ئازاری 1970 دا بەرجەستەی بكات. پاشانیش ڕێبازى شۆڕشی ئەیلوول لە قۆناغێکی مێژووییدا نەوەستا، بەڵکوو لە شۆڕشی گولاندا لە خۆڕاگریی پێشمەرگە و ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ساڵی 1991 دا درێژەی پێدرا. دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و سەرهەڵدانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەو شۆڕش و ڕێبازەن.
وەك فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە یادی ئەو شۆڕشە مەزنەدا، پەیمان بۆ سەرۆك بارزانی و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە، کە بە ڕێبازی بارزانی نەمر و پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان پابەندبین و درێژە بە تێکۆشانمان بدەین.
دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
11ی ئەیلولی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.