Erbil -0°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 07:32

به‌ ڤیدیۆ.. سه‌نگاوی: ئه‌گه‌ر بمه‌وێ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ یه‌کێتی حیساب بۆ یه‌ک که‌س ناکه‌م و ئێستا ده‌ڕۆم

به‌شێك له‌ هێزه‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌م
مه‌حمود سه‌نگاوی
کوردستان TV
#7
100%

مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ په‌یامێكی توند ئاراسته‌ی حیزبه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت من له‌ یه‌ك كه‌س ده‌ترسم ئه‌ویش خوای په‌روه‌ردگاره‌ ئه‌گه‌رنا حیساب بۆ یه‌ك كه‌س ناكه‌م و بمه‌وێ بڕۆم  بۆ هه‌ر هێزێكی تری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئێستا ده‌ڕۆم و به‌شێك له‌ هێزه‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌م.

 له‌ وتارێكدا بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌ گه‌رمیان  مه‌حمود سه‌نگاوی، باس له‌و تۆمه‌تانه‌ ده‌كات كه‌ خراونه‌ته‌ پاڵی و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به‌ لایه‌نگیری به‌رهه‌م سالح و قه‌واره‌كه‌ی، سه‌نگاوی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت من ئه‌ساسی یه‌كێتیم.

ده‌شڵێت: نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال باری یه‌كێتی لێژ كرد و دوای نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌ی و كۆچكردنی مام ، مام جه‌لال یه‌كێتی نیشتیمانی داوه‌ ده‌ست ئێمه‌ و به‌ ئێمه‌ی سپارد، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانتوانی قیاده‌ی یه‌كێتی بكه‌ین و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبكه‌ینه‌وه‌.

له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش سه‌نگاوی ده‌ڵێت: ئێمه‌ با هێرش نه‌كه‌ینه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی تركه‌ رۆیشتوون و جیا بوونه‌ته‌وه‌ له‌ یه‌كێتی.

ده‌شڵێت: ڕۆژانه‌ سه‌دان ته‌علیق له‌ من ده‌درێت و ده‌ڵێن سه‌ر به‌ جه‌ماعه‌تی به‌رهه‌م سالحه‌.

سه‌نگاوی ده‌شڵێت: من له‌ یه‌ك كه‌س ده‌ترسم ئه‌ویش خوای په‌روه‌ردگاره‌، ئه‌گه‌رنا حیساب بۆ یه‌ك كه‌س ناكه‌م.

به‌ ده‌نگی به‌رزه‌وه‌ سه‌نگاوی ده‌ڵێت:ئه‌گه‌ر  بمه‌وێ بڕۆم  بۆ هه‌ر هێزێكی تر ئێستا ده‌ڕۆم و به‌شێك له‌ هێزه‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌م و حیساب بۆ هیچ كه‌سێكیش ناكه‌م.

ده‌شڵێت: به‌ڵام من یه‌كێتیم، من رێبازه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌ هه‌ر كوێ بێت پیاده‌ی ده‌كه‌م

سه‌نگاوی به‌ هه‌ره‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت: ده‌بێت كۆڵ به‌و كه‌سانه‌ بده‌م كه‌ ده‌یانه‌وێ من له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دووربخه‌نه‌وه‌ و ده‌ربچمه‌ ده‌ره‌وه‌.

ده‌شڵێت: من ده‌رناچمه‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ من ئه‌ساسی یه‌كێتیم و یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵك بوو.

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌نگاوی ده‌ڵێت: به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی دووركه‌وتنه‌وه‌مان له‌ خه‌ڵكی ئێستاكه‌ وا له‌ خه‌ڵكی ده‌پاڕێینه‌وه‌  تا ده‌نگمان پێبده‌ن.

ده‌شڵێت: به‌لام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵك بووینایه‌ و به‌ده‌م پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و زیندانیانی سیاسی و كه‌مئه‌ندامان و كه‌س و كاری شه‌هیدان و برینداره‌كانمان بڕۆیشتینایه‌ و سه‌ردانمان بكردنایه‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانمان ڕێك بخستایه‌ ئێستاكه‌ خه‌ڵك خۆی ده‌هات و مه‌منوون بوو كه‌ بێت خزمه‌تمان بكات و پێیان ده‌وتین ئێوه‌ن پارێزه‌ری  ژیان و كه‌رامه‌تی ئه‌م وڵاته‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.