Erbil 31°C شەممە 17 تشرینی یەکەم 22:58

وەزارەتی کارەبا: سبەی دوا دەرفەتی داشکاندنی قەرزی کارەبایە

100%

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا سەرجەم هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە کە سبەی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەم، دوایین دەرفەتە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری داشکاندنی لە 50٪ـی قەرزی کۆنی کارەبای ماڵان و لە 25٪ـی پۆلی بازرگانی بۆ ئەو قەرزانەی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی کەوتوونەتە سەر هاووڵاتییان.

وەزارەتی کارەبا ڕوونیکردووەتەوە کە بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و لەپێناو تەواوکردنی مامەڵەکانیان، سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان سبەی یەکشەممە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تاوەکو درەنگانی ئێوارە بەردەوام دەبن لە کارکردن، و تا ئەو کاتەی هاوبەشێک لە فەرمانگەکاندا مابێت لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن بۆ ڕاییکردنی پارەدان بە داشکاندنەکەوە.

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هاوبەشانی کارەبا دەتوانن بە شێوازی ئەلیکترۆنیش و لە ڕێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە"وە سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و تا کاتژمێر 12ی نیوەشەو قەرزەکانیان بدەنەوە.

وەزارەتەکە هۆشداریش دەدات کە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە بە هیچ شێوەیەک داشکاندن نامێنێت و تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی، دەکرێتە قیستی مانگانە و ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە و لەگەڵ کرێی ئاساییدا وەردەگیرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.