Erbil 20°C شەممە 23 تشرینی دووەم 11:43

‌ئه‌ردۆغان بۆ هێرشی عه‌فرین داوای هاوکاری له‌ ناتۆ ده‌کات

تائێستا به‌ ده‌یان هاوڵاتی سڤیل شه‌هید بوونه‌
کوردستان TV
#12
100%


سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه‌،‌ هێزه‌كانیان له‌ناوه‌ندی شاری عه‌فرین زۆر نزیكبونه‌ته‌وه‌، دوای عه‌فرینیش ده‌چنه‌ شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و تاوه‌كو شاری قامیشلۆ ناوه‌ستن.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه‌،‌ هێزه‌كانیان له‌ناوه‌ندی شاری عه‌فرین زۆر نزیكبوونه‌ته‌وه‌، دوای عه‌فرینیش ده‌چنه‌ شاره‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستان و تا شاری قامیشلۆ ناوه‌ستن، هەروەک داوای هاوکاری لە ناتۆش دەکات کە هێز بۆ پشتیوانیان بنێرێتە سوریا.

ئه‌ردۆغان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا كه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا له‌ شاری مێرسین پێشكه‌شی كرد، رەخنه‌ی له‌ ناتۆ گرت و وتی: "ئەو ئەندامانەی ناتۆ كه‌ لە سوریان ده‌ستیان ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر توانایان ھەبوایە بەئاشکرا رووبەرووی تورکیا دەبوونەوە، بەڵام ناوێرن چونكه‌ ده‌زانن توركیا چه‌نده‌ به‌هێزه‌"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا.

ئه‌ردۆغان رووی قسه‌كانی له‌ ناتۆ كرد و وتی: "من رووی قسه‌كانم له‌ناتۆ ده‌كه‌م، ئێوه‌ له‌كوێن؟ وه‌رنه‌ سووریا، بۆچی ناهێن؟ ئایا توركیا ئه‌ندامی ناتۆ نییه‌؟".
 
هه‌روه‌ها وتیشی، "بۆ ئه‌فغانستان داواتان لێكردین هاتین، بۆ سۆماڵ و به‌لقان داواتان له‌ئێمه‌ كرد، به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌تانه‌وه‌ هاتین، ئێستاش من داواتان لێده‌كه‌م وه‌رن بۆ سووریا".

ماوه‌ی 50 رۆژه‌ سوپای توركیا و گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری، كه‌ به‌ "سوپای سوریای ئازاد" ناسراون و له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن، ئۆپه‌راسیۆنێكیان به‌ناوی "چڵه‌ زه‌یتوون" له‌ دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه به‌ هێزی ئاسمانی و پیاده‌ بۆ سه‌ر شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ و، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌‌ تائێستا به‌ ده‌یان هاوڵاتی سڤیل شه‌هید بوون.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.