Erbil 17°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 11:39

کاوێس ئاغا.. لاوکبێژ و داستانپارێز

كاتێ لاوكی چڕیوه‌، بولبولی خۆشخوانیشی شه‌رمه‌زار كردووه‌
kawes aigi
کوردستان TV
100%

ن/ فه‌رهه‌نگ غه‌فوور

 كاوێس ئاغا به‌ یه‌كێك له‌و لاوكبێژه‌ ناوازه‌ و ده‌گمه‌نانه‌ ده‌ناسرێ كه‌ له‌ناو جوگرافیای كوردستاندا هه‌ڵكه‌وت و ده‌نگی دایه‌وه‌. ئه‌و لاوكبێژه‌ كه‌ له‌ كانی ئاخاوتن و قسه‌كردندا زمانی ته‌ته‌ڵه‌ی كردووه‌ و وشه‌كانی بۆ ده‌رنه‌بڕاون، به‌ڵام كاتێ لاوكی چڕیوه‌، بولبولی خۆشخوانیشی شه‌رمه‌زار كردووه‌.

كاوێس كه‌ له‌ناو ژینگه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌شمه‌ینه‌تدا ژیاوه‌، كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌رفه‌تی ژیانێكی ئارام و پێشكه‌وتووی نه‌بووه‌ و رۆڵه‌كانی به‌ مراز و مه‌قسوودی خۆیان نه‌گه‌یشتوون و لایه‌نی ئه‌وینداری و سۆزدارییان زۆربه‌ی كات به‌ تراژیدیا و ده‌ست له‌یه‌ك به‌ردان و ناكامی كۆتایی پێهاتووه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ته‌واوی چین و توێژه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌وه‌ رووبه‌ڕووی په‌لاماری دوژمنانی ده‌وروبه‌ر بوونه‌ته‌وه‌ و كوشتن و به‌ندیخانه‌ و ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی و ژێرده‌سته‌یی به‌شیان بووه‌. بۆیه‌ هونه‌رمه‌ندی میللی و ره‌سه‌نزاده‌، هاتووه‌ كاڵا به‌ قه‌د باڵا، چیرۆكی گه‌له‌كه‌ی، چ به‌ دیوه‌ ئه‌ڤین و سۆزداریه‌كه‌ی بووبێ و چ به‌ دیوه‌ شۆڕشگێڕی و گیانفیداییه‌كه‌ی بووبێ، به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی سه‌رده‌می خۆی و داهاتووش گێڕاویه‌تییه‌وه‌، به‌مه‌ش له‌لایه‌ك واقعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ی و واقعی ژیانی سیاسی و له‌شكریشی له‌ به‌یت و لاوكدا هۆنیوه‌ته‌وه‌ و دیمه‌نه‌ تراژیدایه‌كه‌ وه‌ك خۆی، به‌ ئازار و برین و كۆژانه‌وه‌، كردوویه‌تی به‌ به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی دانسقه‌ و دوای یه‌ك سه‌ده‌ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌و دیمه‌نه‌ تراژیدیایانه‌ی ناو لاوكه‌كانی كاوێس، كه‌چی هه‌ر ده‌ڵێی دوێنێ ئێواره‌ روویداون.

لاوكی (گه‌نج خه‌لیل) كه‌ یه‌كه‌م لاوكی ئه‌ویندارییه‌ كاوێس تۆماری كردبێ، نموونه‌یه‌كی به‌رزی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و داستانی ئه‌ویندارییه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌مان بۆ كرد. كاوێس كه‌ خۆی زاده‌ی چوارچه‌لی هه‌ركییانه‌، دواتر له‌ كوێستان و گه‌رمیاندا ئه‌مسه‌ر ئه‌وسه‌ری كردووه‌ و له‌ رواندز و دواتر له‌ شه‌قڵاوه‌ گیرساوه‌ته‌وه‌، به‌ خزمه‌تی شێخ مه‌حموود و سمكۆی شكاك گه‌یشتووه‌ و لاوكی به‌ شۆڕش و راپه‌ڕین و جوامێریه‌كانیان و به‌سه‌ر شۆڕشه‌كانی بارزان هه‌ڵگوتووه‌. له‌ دیارترین لاوكه‌ میللییه‌ شۆڕشگێڕیه‌كانی (لاوكی راپه‌ڕینی دووه‌می بارزان، لاوكی شێخ مه‌حموود، لاوكی سمایل ئاغا، میر په‌نجۆ، بابێ عه‌بدلكه‌ریم، كه‌لی كاشخانێ، شه‌ری ترك و یۆنان، چه‌مێ چه‌ته‌لێ، بابی سلێ، خالدی رزكۆ، سه‌عدونێ نحۆ، ئاڤده‌لێ عیسا، میرۆ، لۆلۆ سوارۆ، حه‌سه‌نی والكێ و ...هتد) كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان نه‌ك هه‌ر داستان و سه‌رمایه‌ی ئه‌و گه‌له‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌ن، به‌ڵكو مێژووێكی بێ چه‌ند و چوونن و له‌ رێی ئه‌ده‌بی زاره‌كی و هونه‌ریی میللییه‌وه‌ پارێزراون و به‌ ده‌نگی ره‌سه‌ن و ناوازه‌ گوتراون و تۆمار كراون و بوونه‌ته‌ شاهێدێكی سه‌رده‌می رابردوو به‌سه‌ر رووداوه‌كانی سه‌ده‌یه‌ك له‌و نه‌هامه‌تی و شۆڕش و قوربانیانه‌ی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و سه‌ركرده‌ و جوامێره‌ له‌خۆبردووه‌كانی. وه‌ك ئاماژه‌شمان بۆ كرد، ئه‌وین و چیرۆكی ناكامی عاشقانیش به‌شی شێری له‌ لاوكه‌كانی كاوێسدا گرتووه‌ و لاوكه‌كانی (گه‌نج خه‌لیل، ده‌ هه‌رێ، یار گوندۆ، بیلمه‌ز، یار گه‌ورێ، لاوكۆ، په‌یامۆ، دۆتمام، بێریڤانێ، عه‌ره‌بێ یارێ، سه‌ودالی، دلبه‌ر، سه‌گڤانۆ، ده‌لال، ئه‌سمه‌ر، زاڵمێ، مێڤانۆ، ..هتد)، ئه‌مانه‌ش نموونه‌ی ئه‌و داستان و عه‌شق و گیانبازیانه‌ی رۆڵه‌كانی كورده‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی، كه‌ له‌ ڕێی فۆلكلۆر و هونه‌ری میللیدا زیندوو مانه‌ته‌وه‌ و نه‌وه‌ی دوای خۆیان پێ ئاشنا كراوه‌. ئه‌م لاوكانه‌ی كاوێس ئاغا، چ داستانه‌ قاره‌مانێتییه‌كان و چ داستانه‌ ئه‌ویندارییه‌كان، ئه‌وه‌ ده‌هێنن كه‌ توێژه‌رانی مێژوو، كۆكه‌ره‌وانی فۆلكلۆر، لێكۆڵه‌رانی باری كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای كوردی، ره‌خنه‌گرانی هونه‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ بابه‌ته‌ مێژووییه‌كان له‌ رێی ئه‌و دیكۆمێنت و ئه‌رشیفانه‌وه‌ ساغ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ پاكی تۆماركراون و ده‌ستاوده‌ست گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌م لاوكانه‌ی كاوێس ئاغا كه‌ره‌سته‌ و ماده‌ی زۆر گرانبه‌هان و ده‌كرێ چه‌ندین توێژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێ و جارێكی دیكه‌ به‌رهه‌مه‌كان چاپ و بڵاو بكرێنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی زانستییان بۆ بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌ به‌شێكی مێژوو و شێوه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی رابردوومان ئاشنا بین.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.