Erbil 31°C شەممە 26 ئەیلوول 03:33

عەلی زەیدی: دەوڵەت خاوەنی تەنیا بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەبێت

کوردستان TV
100%

لە گوتارێکدا لە بەردەم ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە خولی 81ـەمیندا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دیدگای حکوومەتەکەی بۆ داهاتووی عێراق و ناوچەکە خستە ڕوو و جەختی لەسەر ڕۆڵی عێراق وەک هێزێکی ئابووریی کاریگەر لە ناوچەکەدا کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، ئەولەویەتی حکوومەتەکەی ئەوەیە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری سیاسی و سەربازی بێت و چەک تەنیا بە دەست دەزگا دەستوورییەکانی دەوڵەتەوە بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە قۆناغی گواستنەوەی پەیوەندییەکان لە هاوکاریی سەربازییەوە بەرەو هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانە لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکان.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق کار بۆ بووژانەوەی کەرتی وزە، زیادکردنی بەرهەمی نەوت و غاز و پیشەسازییە پێتڕۆکیمیاییەکان دەکات. لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان"ـی بە دەروازەیەکی ستراتیژی بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا و ناوەندێکی بازرگانی و وەبەرهێنان ناوبرد، کە دەبێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بە شەڕ نایەتە دی، بەڵکو بە هاریکاری و بەرژەوەندیی هاوبەش بەدەست دێت. لەسەر دۆزی فەلەستینیش، نەتەنیاهۆ و هەڵوێستی ئیسرائیلی بە "حوکمی هێز" ناوبرد نەک "هێزی یاسا" و جەختی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەلەستین و پێویستیی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کردەوە.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی بووەتەوە، داواشی کرد بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە هاریکاریی هاوبەش بێت. هەروەها پابەندبوونی حکوومەتەکەی بە مافەکانی مرۆڤ، ئازادییەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و گەنجان لە بنیاتنانی عێراقی داهاتوو دووپات کردەوە.

لە کۆتاییدا، زەیدی پەیامی "عێراقێکی بەهێز"ـی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای لە وەبەرهێنەران کرد کە بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکان و پێگەی جوگرافیی عێراق، لەم وڵاتەدا وەبەرهێنان بکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.