ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی ئێرانی بۆ ئاگربەستی حەوت ڕۆژە ڕەتکردووەتەوە و نیازی وایە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بۆردومانەکانی سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوانیان بەردەوامە.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازێکی ئێرانی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕەتکردووەتەوە، هاوکات بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە کە پێشبینی دەکات دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، بۆردومانەکانی سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا گومانی هەیە لەوەی ئێران داواکارییەکانی جێبەجێ بکات، سەرەڕای ئەوەش، واشنتۆن و تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن لە دانوستانەکانیان کە دۆسیەی ئەتۆمیش لەخۆ دەگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، پێویستیی بەپەلەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کەم کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا واشنتۆن بە تاران و نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک نیازی هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی نییە.
بە گوتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکان، واشنتۆن پێی وایە گوشارە ئابوورییەکان لە کۆتاییدا تاران ناچار بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک دەکات، بەڵام لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، ئەگەری هەیە هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمەریکا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.