Erbil 31°C شەممە 26 ئەیلوول 12:31

حکوومەتی عێراق لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکات

100%

حکوومەتی عێراق بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەکات بۆ ئەوەی بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە بخرێنە دەرەوە.

ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردەوە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سەبارەت بە گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی ناوچەکە و عێراق گرتوویەتەبەر، حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی بۆ بەدەرکردنی بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو ڕێوشوێنانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم هەوڵەی عێراق بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە لەبەر هۆکاری مرۆیی، کە پەیوەستن بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، خوێندن، سەردانە ئایینییەکان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، حکوومەتی عێراق کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکات و پێیوایە بەردەوامیی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پەنا بۆ دیالۆگ و دانوستان ببەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بە قەیران و ململانێکانی ئێستا بهێنێت، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکە دەستەبەر بکات.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.