یەكشەممەی داهاتوو، هەر 6 لیژنەی پەرلەمان لەسەر پرۆژەی چاكسازی لە بواری خانەنشینان و خانەنشینی پلە باڵا و ئیمتیازاتەكانی حكوومەت كۆدەبنەوەو ڕاپۆرتێك ئامادە دەكەن و دەیدەنه سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پەسهند کردنی.
لە كۆتاییی ساڵی 2017، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاساییەكی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، كە تیایدا پێداچوونەوە بە ئیمتیاز و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بە تایبەت لە پلەباڵاكان.
پەرلەمانتار مەدینە ئەیووب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت، لیژنەكانی یاسایی، دارایی، ناوخۆ، كاروباری پەرلەمان، دەستپاكی و كاروباری پێشمەرگە، هەریەكەیان راپۆرتی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاساكە ئامادە كردووە، كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەو لیژنانە بەڕێوە چوو و، وایش بڕیارە یەكشەممەی دابێ، جارێكی دیكە كۆ دەبنەوە ڕاپۆرتێكی هاوبەش ئامادە دەكەن و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و پرۆژەكە پەسەند بكرێت و بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە.
وەک مەدینە ئەیووب دەڵێ، "ئەو پرۆژەیە گرینگیی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە زۆر كەس بە ناوی خانەنشین، خانەنشین كراون، هەروەها پێداچوونەوە بە مووچەی خانەنشینان دەكرێت، هەر كەسێك مەرجەكانی خانەنشینی تێدا نەبێت، دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی، هەڵبەتە ئەمە هۆکارێکە کە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.