ئەمڕۆ دواوادەی رادەستکردنی لیستی لایەنەکانە بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژرادەنەکانی عێراق، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتییش، تەواوبوونی لیستەکانیان رادەگەیەنێت، کە ئەمڕۆ رادەستی کۆمسیۆنی دەکەن.
خەسرۆ گۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لیستی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەواو کردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی دەکەن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیشی دا، لە پارێزگای کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، بەوپێیەی وەک پارتی داوایان لە لایەنە سیاسییەکانی تر کردووە، بە یەک لیست بەشدار بن، بەڵام ئەو یەک لیستییە نەکرا.
جیاوازتر لە لایەنەکانی تر، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆک لیستی دیاری نەکردووە، وەک گۆران هێمای بۆ کرد، لەبەر درووست نەبوونی جیاوازییە، چونکە هەمووان کادیری لێهاتووی پارتین و جیاوازییان نییە.
رێژەی کاندیدکردنی ئافرەت لە لیستەکاندا، بە لە %25 خەمڵێندراوە، هاوکات بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی هەندێ لە پەرلەمانتارەکانی پێشوویش، گوتی: چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی هەرێمی کوردستان و، چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پێشووی نوێنەرانی عێراقمان کاندید کردووەتەوە.
بڕیارە لە 12ی ئایاری ساڵی 2018، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.