Erbil 14°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 15:44

سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غدا ره‌وانه‌ی هه‌ولێری کردووه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ مووچه‌وه‌ نییه‌

بانكی ناوه‌ندی بڕی(٢٥٠)ملیار دیناری بۆ لقی خۆی كه‌ له‌ هه‌ولێره‌ ناردووه‌
کوردستان TV
#7
100%

وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، به‌غدا تاوه‌كو ئێستاكه‌ش وردبینی له‌ لیستی مووچه‌دا ده‌كات ئێمه‌یان ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌ تێبینییه‌كیان هه‌بێت یا كاره‌كانیان كۆتایی هاتووه‌،ده‌شڵێ، ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگاداربین ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌غدا ره‌وانه‌ی هه‌ولێری كردووه‌ ،بۆ ڕاییكردنی كاروباری خۆیانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ مووچه‌وه‌ نییه‌.

 سه‌فین دزه‌یی ، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌: لیژنه‌كه‌ی به‌غدا تاوه‌كو ئێستاكه‌ش وردبینی له‌ لیستی مووچه‌دا ده‌كه‌ن و ئێمه‌یان ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌ تێبینییه‌كیان هه‌بێت یا كاره‌كانیان كۆتایی هاتووه‌.

هه‌روه‌ها گوتی:هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وپێش ، شاندێكی باڵای عیراقی هاتنه‌ هه‌ولێر به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراقی جگه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان دانیشتن و داوای ئامارییان كرد هه‌موو ئاماره‌كانیان پێدرا به‌ڵام تا ئێستاش نه‌ وه‌ڵام نه‌ تێبینی هیچیان نه‌وتووه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌.

گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی یاخود نافه‌رمی ئاگادارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ته‌خسیس كردنی بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ پێدانی موچه‌ی هه‌ر وه‌زاره‌تێك ، ته‌نها ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادارین دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ بانكی ناوه‌ندی بڕی(٢٥٠)ملیار دیناری بۆ لقی خۆی كه‌ له‌ هه‌ولێره‌ ناردووه‌.

راشیگه‌یاند: حكومه‌تی عێراقی و بانكی ناوه‌ندی له‌به‌غدا ئه‌وه‌یان دیارینه‌كردووه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ یاخود بۆ ڕایی كردنی كاروباره‌كانی لقه‌كه‌ی خۆیه‌تی له‌هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگاداربین بۆ ڕاییكردنی كاروباری خۆیانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ مووچه‌وه‌ نیه‌.

دزه‌یی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت هیچ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی لقی بانكی ناوه‌ندیه‌ له‌هه‌ولێر ته‌نها كاتێك ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌بكات كه‌ بانكی ناوه‌ندی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێم.

ئاماده‌كردنی: رزگار

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.