حكوومهتی ئیمارات لەم هەفتەیەدا بڕیاری دا کە ئاڵوگۆڕە بازرگانی و داراییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنێ، ئەمەش دوای نزیکەی شەش مانگ لە سەرهەڵدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی جەنگی ئابووری لە دژی تاران لەلایەن ئەمریکاوە.
ئاژانسی "فرانس پرێس" ئەمڕۆ پێنجشەممە له ڕاپۆرتێكی شیكاریدا ڕایگهیاندووه، شارەزایان پێیانوایە ئیمارات پەیامێک بۆ ئێران دەنێرێت، کە لهو ماوهیهدا هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئیماراتی لە گەرووی هورمز چڕتر کردووەتەوە، ئهوهش به پاساوی نزیكبوونهوهی ئیمارات لەگەڵ ئەمریکا.
شارهزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن کاریگەریی بڕینی بازرگانی سنووردار بێت، ئەمەش بەهۆی بوونی داهاتی چالاکییە نایاساییە ئابوورییەکانی ئێران کە بە ئیماراتدا تێدەپەڕن.
پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیمارات و ئێران چۆن بوو؟
ئیمارات هاوبەشێکی بازرگانی گرنگە بۆ ئێران و گەورەترین سەرچاوەی هاوردەکردنی ئێرانە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە 10 مانگی پێش شەڕەکەدا، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ ئیمارات 21 ملیار دۆلار بووە.
لە ساڵی 2024دا ئێران بۆ 30.6%ی هاوردەکردنی پشتی بە ئیمارات بەستووە کە بەهای نزیکەی 21 ملیار دۆلار بووە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی.
هاوکات ئیمارات سێهەمین بازاڕی هەناردەی ئێرانە به پشکی 12% و بەهاکەی زیاتر لە 7 ملیار دۆلارە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی ئیمارات، دووبارە هەناردەکردنەوە زۆرینەی ڕەهای بازرگانی ئیمارات لەگەڵ ئێران پێکدەهێنێت، هەروەها کاڵای جۆراوجۆر لە مۆبایلەوە تا گۆشت و بەرهەمە خۆراکییەکان لەخۆدەگرێت.
بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ترامپ ستایشی هەوڵەکانی ئیماراتیان کرد و هیوایان خواست هاوکار بن بۆ خنکاندنی ئابووری ئێران.
کارین یۆنگ، توێژەرێکی پسپۆڕی سیاسەتە ئابوورییەکانی کەنداو لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن دەڵێت، "ئەگەر ئەم بڕیارە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، دەکرێت زیانێکی زۆر بە ئابووری ئێران بگەیەنێت و هاوکات زیانیشی بۆ ئیمارات دهبێت."
ئەو دەشڵێت "تۆڕی فراوانتری خزمەتگوزاری و گواستنەوەی دارایی هەیە کە ڕەنگە لە ئیماراتەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، بەڵکو بەناو ئیماراتدا تێپەڕێت. بۆیە دابڕانی تەواوی ئابووری ئێران پەیوەستە بە ئامادەیی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچهكه.
شارەزایان دەڵێن ئێران بانکە ئیماراتەکان و سیستەمی دارایی وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت بۆ دەستگەیشتن بە ئابووری جیهانی لە ڕێگەی مامەڵەی نایاسایی و زۆرجاریش ناشەفافەوە.
ماکس مێزلیچ، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە باڵی دیموکراسیەکان دەڵێت، " ملیارەها دۆلار لە داهاتی نەوتی ئێران کە کەوتۆتە ژێر سزاکانەوە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی توێکڵەوە کە شەفافیەتیان نییە و بنکەکەیان لە چین/ هۆنگ کۆنگە، بە ئیماراتدا تێدەپەڕێت".
مێزلیش پێشتر لە فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کاری کردووە کە بەرپرسیارە لە سزاکان.
دەشڵێت، "ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕاگرتنی هەموو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە ڕاستەوخۆکان و داراییەکان لەگەڵ ئێران نابێتە ڕێگر لە گەیشتن بە ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە ئیمارات."
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: ئیمارات شایەنی ستایشە بۆ ئەم هەنگاوە چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەمریکا دەبێت بەردەوام بێت لە فشار و دڵنیابوون لەوەی کە بانکەکانی ئیمارات کۆنترۆڵی توند لەسەر ئەو مامەڵانە جێبەجێ دەکەن کە گومانیان لێدەکرێت بەدەربازبوون لە سزاکانی ئێران.
جێی باسه، ئیمارات لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگدا هێڵی توندی دژ بە ئێران گرتەبەر و باڵوێزی خۆی لە تاران کشایەوە و نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی داخست، دوای ئەوەی خاکەکەی کەوتە بەر ئامانجی چڕ و پڕی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.