گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئاگاداری هیچ پەیام یان پێشنیازێکی تایبەتی ئەمەریکا نییە کە بڕیار بێت لە سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران ئاڵوگۆڕ بکرێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە وەزیری ناوخۆی پاکستان بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە سەردانی تاران بکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. ناوبراو گوتی: تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی کە پەیامێکی تایبەتی ئەمەریکا لەو سەردانەدا پێشکەش بکرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆڵی بەردەوامی پاکستان وەک نێوەندگیرێکی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتۆن لە ماوەی جەنگدا بە گرنگ وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە بۆ سەردانەکەی ئەمجارەی وەزیری ناوخۆ، هێشتا هیچ دەسپێشخەرییەکی دیاریکراو نەگەیشتووەتە دەستیان.
بەقایی ئەوەشی خستەڕوو کە سەردانەکە تەرکەز دەکاتە سەر پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنانەی پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە، بەتایبەت ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لە ئاستی سەرۆکایەتیدا ئەنجام دراون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە وەزیری کاروباری ئابووریی پاکستان بەشێک بێت لە شاندی یاوەری وەزیری ناوخۆ، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان زیاتر ڕەهەندی ئابووری و بازرگانی وەردەگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.