سەرۆکی ئەمەریکا نیازی خۆی بۆ پێکهێنانی "هێزی ژیریی دەستکرد" لەسەر شێوازی هێزی بۆشایی ئاسمان ئاشکرا کرد، هاوکات ڕایگەیاند کە بەرپرسێکی باڵا وەک "قەیسەری زیرەکیی دەستکرد" بۆ ئەو بوارە دەستنیشان دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" بڵاوی کردەوە: "هێزی ژیریی دەستکرد پێک دەهێنم، بە هەمان شێوەی هێزی بۆشایی ئاسمان کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیمدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. بۆ ئەم مەبەستەش، لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوی قەیسەری ژیریی دەستکرد ڕادەگەیەنم، تەنیا ئەو کەسانەش بۆ ئەم پۆستە وەردەگیرێن کە ئاستی ژیرییان زۆر بەرزە".
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە نیگەرانییەکان لەبارەی ژیریی دەستکرد لە فێڵێک زیاتر نین، بەڵام لە هەمان کاتدا دان بە هەندێک لە مەترسییەکانی ئەو تەکنەلۆژیایەدا دەنێت و دەڵێت: "کار دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی بەکارهێنانە خراپەکان، دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەم کارە لە ڕێگەی سیستەمی دادوەریی تاوانکاری و شارستانیی ئێستامانەوە ئەنجام بدەین".
ڕاگەیاندنی ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی و کۆنگرێس ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە بۆ دانانی ڕێکارە خۆپارێزی و ڕێکخستنە یاساییەکان لەسەر ژیریی دەستکرد.
هەڵوێستەکەی دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی هۆشداریی سەرکردەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان دێت، لەوانە داریۆ ئامۆدێی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ئەنترۆپیک" و سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ئۆپن ئەی ئای"، کە هۆشدارییان لەبارەی گەشەی خێرای تواناکانی ژیریی دەستکرد دابوو و داوای چڕکردنەوەی چاودێری و ڕێکارەکانی سەلامەتییان کردبوو.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا دژایەتیی خۆی بۆ توندکردنەوەی چاودێریی حکوومی بەسەر ژیریی دەستکرددا دەربڕیبوو، بەو پێیەی سەپاندنی کۆتوبەندی توند زیان بە توانای کێبڕکێی ئەمەریکا دەگەیەنێت، بەتایبەتی لە بەرامبەر چیندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.