ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەمی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئانتی پوتكۆنین باڵیۆزی فینلاند لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی گرژی و ئاڵۆزی و پێشهاتەكانی ئەم دواییە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرد و جەخت لە پێویستیی باڵادەستبوونی دیالۆگ و شێوازی ئاشتییانە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوچەیی و جیهانییەكان كرایەوە.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەماهەنگیی نێوانیان كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئالنگارییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.
هەڕەشەی تیرۆر و ڕۆڵی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆریستان تەوەری تری ئەو دیدار بوون، سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی فینلاند و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.
باڵیۆزی فینلاند لە عێراقیش هێمای بە ڕۆڵی سەرەكی و كاریگەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر دا و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەلای وڵاتەكەیەوە بوونی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز یارمەتیدەرە بۆ بەهێزتربوونی عێراق لە دابینكردنی سەقامگیری و بووژانەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.