Erbil 31°C شەممە 22 ئاب 04:03

پنتاگۆن دەنگۆی کەمیی تەقەمەنی ڕەتدەکاتەوە و داوای خێراکردنی بەرهەمهێنان دەکات

کوردستان TV
100%

شۆن پارنێڵ وتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ڕاستی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەبوونی کەمی لە کۆگاکانی تەقەمەنی سوپای ئەمریکا دەکەن و جەختی کردەوە، سوپا هەموو ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستدایە کە بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکان لەو کات و شوێنەی سەرۆک دیارییان دەکات، پێویستن.

پارنێڵ بە ڕۆژنامەی  Wall Street Journalـی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەمان یان کەمیی تەقەمەنی دەکەن ناڕاستن، و جەختیشی کردەوە کە سوپای ئەمریکا هێشتا بە بەهێزترین هێزی جەنگاوەر لەسەر زەوی دەمێنێتەوە.

ئەم ڕەتکردنەوەیەی پنتاگۆن دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک هات کە تێیاندا ئاماژە بەوە کرابوو، سوپای ئەمریکا لە ماوەی 5 مانگی جەنگ لەگەڵ ئێران، نزیکەی تەواوی کۆگای مووشەکە دوورهاوێژە وردەکانی بەکارهێناوە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکاندا هاتبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکەی 65%ـی مووشەکەکانی بەرگری سیستەمی  Patriotـی لە نێوان مانگەکانی شوبات و تەمموزدا بەکارھێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا تەقەمەنی لە هەر وڵاتێکی تری جیهان زیاترە و زۆر زیاتریشی هەیە لەوەی کە پێویستییەتی. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمریکا بە ئاستێکی بێپێشینە کار بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنی و فراوانکردنی دامەزراوەکانیان دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، پنتاگۆن داوای لە سەرۆکی کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری کردووە لە ماوەی 21 ڕۆژدا پلانێک بۆ خێراکردنی خشتەی ڕادەستکردنی چەکەکان و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی سەربازی ئامادە بکەن، و جەختی کردەوە کە چیتر قبوڵکراو نییە پرۆسەکانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان چەندین ساڵ بخایەنن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.