کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ڕایگەیاند، لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن، زیاتر لە 112 هەزار کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ساندرین دیسامۆر، نوێنەری کۆمیسیۆنەکە لە جیبوتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ئاشکرای کرد، بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکان، هەزاران خێزان هەڵاتوون و تەنیا لە کەمتر لە هەفتەیەکدا نزیکەی 3 هەزار کەس بە بەلەم گەرووی عەدەن-یان بڕیوە و گەیشتوونەتە جیبوتی.
دەسەڵاتدارانی جیبوتی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە 10 هەزار پەنابەری نوێ. ئەم شەپۆلە گەورەیەی پەنابەران فشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تەندروستی و پەروەردەی ئەو وڵاتە دروست دەکات، بەتایبەت کە پێشتر جیبوتی میوانداریی نزیکەی 36 هەزار پەنابەری دیکەی سۆماڵی و ئەسیوپی کردووە.
شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون دوای ئەوە هات کە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە ململانێکان چڕبوونەوە، کاتێک هێزە حکوومییەکان فڕۆکەخانەی سەنعایان کردە ئامانج. لە بەرانبەردا، گروپی حوسییەکان سعوودیە بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن و ڕایانگەیاندووە کە دەست بە شەڕ دەکەن تاوەکو گەمارۆی سەر ناوچەکانیان هەڵدەنرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سوور و ناوچەکانی نزیک گەرووی باب ئەلمەندەب و بەندەری ستراتیژیی مۆخادا گرتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.