دوای ململانێكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی فەرماندەی خەباتكار و هەڤاڵی بارزانیی نەمر مەلابرایم هەسنكی لە پیرمام كۆچی دوایی كرد و دواتر لە مەراسیمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی بەرێز خەڵات بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی و بەڕێز غەفور ئەحمەد مەلاسواری قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر و بەرپرسیانی حزبی و حكومی ولەشكری و جەماوەری دەڤەری بارزان لە گۆڕستانی گوندی هەسنەكا سەربە دەڤەری بارزان تەرمی خوالێخۆشبوو بەخاك سپێردرا.
خوالێخۆشبوو فەرماندەی خەباتكار(مەلابرایم بابەكر) ناسراوە بە(مەلابرایم هەسنكی لە ساڵی 1927 لە گوندی (هەسنەكا) سەربەدەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەوەر و شەهید پەروەریلە دایكبووە،لە ساڵی 1936 تەمەنی9 ساڵیدابووە كە باوك و مامی لەسەر رێبازی كوردایەتی شەهید بوون، ساڵی (1943-1945)بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆكایەتی بارزانیی نەمر دەكات، ساڵی 1946یەكێك لە بەرگریكارانی كۆماری كوردستان لە مەهابادو رۆڵی لە داستانەكان هەبووە و دوایی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد ساڵی 1947 لە گەڵ ئامۆزای شەهیدی فەرماندە (عەلی شەعبان ) بەشداردەبن لە ڕێڕەوە مێژووییەكەی لەگەڵ بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانیان بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران ولە ئاوارەیدا بروانامەی بەكالۆریس وەردەگرێت.
لەساڵی 1961 بەشداری لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكات و لەبەر قارەمانیەتی و گیانفیدای دەبیتە فەرماندەی پاسەوانەكانی بارزانیی نەمر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دوایی نسكۆ ئاوارەی ئێران دەبێت وەك فەرماندە بەشداری لە شۆڕشی گوڵان دەكات كەسێكی نزیكی سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی بووە.
دوای راپەرین دەگەڕێتەوە كوردستان و لە پیرمام نیشتەجێ دەبێت و جگە لە پێشمەرگایەتی كەسێكی كۆمەڵایەتی دیاری دەڤەری بارزان بووە،دواتر لەبەرخەبات و ماندووبوونی لە ساڵی 1996 لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی مدالیای شەرەفی بارزانی پێ بەخشراوە.
هەموو تەمەنی پڕ بووە لە بەرخودان و تێكۆشان و هەردەم خۆی بە پێشمەرگەی بارزانیی نەمر دەزانی، ماوەی چەند ساڵ لەبەر خەباتی تووشی نەخۆشی بووە، لە تەمەنی 91 ساڵی دا كۆچی دوایی كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.