ئەمڕۆ لە شاری دهۆک، نۆزدەهەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و هەنگوین کرایەوە، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەروبوومی جوتیارانی ناوچەکەی تێدا نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە چاودێری و ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسان، لە فامیلی مۆڵ لە دهۆک نۆزدەهەمین (19) فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین کرایەوە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری دهۆک پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و گرنگیدان بە بەروبوومی ناوخۆیی دووپات کردەوە، هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، دەزگای کوردستان فاوندەیشن و کۆمپانیای کاڤین گرووپ.
د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە ڕێک دەخرێت و دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ ناساندن، ساغکردنەوە و خستنەڕووی بەروبوومی ژمارەیەکی زۆر لە جوتیارانی دەڤەرەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.