بەهۆی کوشندەترین شەپۆلی پەتای ئیبۆلا لە مێژووی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆدا، لە ماوەی چەند مانگێکدا زیاتر لە 4 هەزار کەس لە کۆی 8 هەزار و 300 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و پەتاکەش بۆ حەوت پارێزگا تەشەنەی سەندووە.
دەسەڵاتدارانی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە: لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای ئیبۆلا لە وڵاتەکەدا، زیاتر لە 4 هەزار کەس لە کۆی زیاتر لە هەشت هەزار تووشبووی پشتڕاستکراوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک خراپترین و خوێناویترین شەپۆلی پەتاکە لە مێژووی ئەو وڵاتەی ناوەڕاستی ئەفریقادا تۆمار کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کۆنگۆ ڕووبەڕووی حەڤدەهەمین (17) شەپۆلی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بووەتەوە کە لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا بووەتە کوشندەترین شەپۆل لە مێژووی وڵاتەکەدا و دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە لە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی. بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تا ئێستا 8 هەزار و 300 تووشبوون تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 18 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 162 کەسیش چاک بوونەتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە پارێزگای باکووری کیڤۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی چەکدارەکاندان، شەش حاڵەتی تووشبوون بە ئیبۆلا تۆمار کراون کە چواریان گیانیان لەدەستداوە، هاوکات نوێترین شەپۆلی پەتاکە سەرەتا لە ناوچەی "ئیتۆری" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دەستیپێکرد و دواتر بۆ حەوت پارێزگای باکوور و ڕۆژهەڵات تەشەنەی سەند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.