ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) هێرش و کردەوە تێکدەرانەکانی ئەم دواییەی سەر کەرتی وزە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی سووریای سەرکۆنە کرد، کە بوونە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندین کرێکار، هاوکات داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفاف و سزادانی تاوانبارانی کرد.
ئەمڕۆ شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە قامیشلۆ، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە جیاوازەکانی سووریا زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی و کاری تێکدەرانەیان بەخۆوە بینیوە کە دامەزراوە سەرەکییەکان، بەتایبەت کەرتی وزە و کارمەندەکانیانی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک کارمەند، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بووژانەوەدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکان بریتی بوون لە: تەقاندنەوەی هێڵی غاز لە ناوچەی "شولا" لە گوندەواری دێرەزوور لە 28ـی ئەیلوول، هێرش بۆ سەر پاسی کرێکارانی کۆمپانیای کارەبا لە نزیک پردی "مەسیاف" لە 30ـی ئەیلوول کە بووە هۆی شەهیدبوونی حەوت کرێکار و برینداربوونی چوار کەسی دیکە، لەگەڵ بەئامانجگرتنی هێڵی غازی وێستگەی کارەبای "تشرین" لە گوندەواری دیمەشق و تەقینەوەی مینێک لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی "تەیفوور" لە 1ـی تشرینی یەکەم.
ئەنەکەسە وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوە تاوانکارییانە، جەختی لەوە کردەوە، بەئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکان و کارمەندەکانیان، مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات، بارگرانیی بژێوی و خزمەتگوزاری زیاتر دەکات، و ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی دەگرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفافی کرد بۆ ئاشکراکردنی لایەنە بەرپرسەکان و لێپرسینەوە لێیان، هاوکات داوای گرتنەبەری ڕێکاری پێویستی کرد بۆ پاراستنی کەرتی وزە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان وەک موڵکێکی گشتی کە خزمەت بە تەواوی خەڵکی سووریا دەکەن، هەروەها سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.