Erbil 29°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:46

باڵیۆزی نوێی بەریتانیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له‌ جۆن ویڵکس باڵیۆزی نوێی بەریتانیا له‌ عێراق كرد
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە 19/11/2017، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق، وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیی شاژنی شانشینی یەکگرتوو ئەلیزابێتی دووەم، بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ھەفتەی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان و ئامادەیی بەریتانیا بۆ ناردنی ھاوکاریی مرۆیی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردەووە و ڕایگەیاند، کە بەریتانیا خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتێکی بەھێزی ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، ئابووری و ئاسایشەوە ھەبێت، ھەروەھا ھیوای بەردەوامی بۆ پەیوەندییە باشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق خواست.

بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە وەک باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە جۆن ویڵکس باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا ویڵکس، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و پێشکەوتنە بەردەوامەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ویستوویەتی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ حکوومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ھاوکات دەستخۆشی لە ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بەرامبەر بە ڕووداو و گرژییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ بەغدا ھەوڵی داوە گرژییەکان کەم بکرێنەوە و کەشێکی ئارام بۆ گفتوگۆ دروست بکرێت، ھەروەھا دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک لەپێناو دەستپێکردنی دیالۆگێکی جددیی ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئامادەیە.

سەبارەت بە ڕێکخراوی داعشی تیرۆرستیش، ئاشکرای کرد داعش لە ڕووی سەربازییەوە شکستی ھێناوە، بەڵام ھزری داعش ھێشتا ھەر ماوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەیشی دەبێ زیاتر لە جاران لە ھەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەرەیان پێ بدرێت.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، وێڕای پیرۆزبایی، ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق خواست و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ کار و چالاکییەکانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بەریتانیای دووپات کردەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش ئاماژەی بەوە کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە خوازیاری گفتوگۆیەکی جددی دوور لە توندوتیژی بووە، بە پێویستیشی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی لە ڕەخساندنی زەمینەی دیالۆگ لەنێوان ھەردوولادا، بگێڕێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.