سەرۆکی پەرلەمانی ئێڕان ڕایگەیاند، ئێران پێشوازی لە بیرۆکەکەی چین دەکات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئەمنیی نوێ لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلوول، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "جەختکردنەوەی چین لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەش، لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتەیە کە ئێران ساڵانێکە جەختی لەسەر دەکاتەوە." هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەشڵێت: "سەقامگیریی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستمێکی ئەمنیی نوێی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا بەدی دێت و ئێران پێشوازی لەمە دەکات."
پێشتر ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بارەگای ناوەندیی (خاتەمولئەنبیا) لە بەیاننامەیەکدا جەختیان کردەوە کە "ئێران چاوپۆشی لە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی خۆی ناکات و وەڵامێکی زۆر قورستری دەبێت."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشوو، سوپای ئەمریکا تا ئێستاش خاک، ئاسمان و ئاوی هەرێمیی ئەو وڵاتانە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دژی ئێران و دژ بە هەندێک لە بنکە سەربازییەکان بەکار دەهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.