Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 01:08

عەلی زەیدی: ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتاییهات و دەچینە قۆناغی پاراستنی تەواوەتیی ئاسایشەوە

100%

عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا تەواوی بەرپرسیارێتیی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی دەگرێتە ئەستۆ.

ئەم ڕاگەیاندنە لە میانی ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بوو کە لە بەغدا بە بۆنەی 30ی ئەیلوولی 2026، کە بە "ڕۆژی سەروەری" ناودێر کراوە، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان بەڕێوەچوو.

عەلی زەیدی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەلمێنەری ئەوەیە کە هاوکاریی نێوان هێزە دۆستەکان ئەنجامی ئەرێنی هەبووە لە تێکشکاندنی یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی توندڕەوی لە مێژوودا.

 سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق ئەمڕۆ بەروبوومی ساڵانێک لە قوربانیدانی چنیوەتەوە و پشتیوانیی وڵاتانی دۆستیش لەو شەڕەدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنەوە و پڕچەککردنی هێزەکانمان.

عەلی زەیدی دووپاتی کردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی بە واتای کۆتاییهاتنی جەنگی دژی تیرۆر نایەت، بەڵکو هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە بەردەوام دەبێت.

لە پەیامێکی توندیشدا بۆ دۆخی چەک لە عێراق عەلی زەیدی گوتی: هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبووڵ ناکرێت، ئەوەش پابەندبوونە بە دەستوور و ڕاسپاردەکانی مەرجەعییەت و ویستی گەلەکەمان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.